2020-01-14   716     
لە تارانى پايتەختى ئێران خۆپيشاندانى دژ بە رژێم كە بۆ ناڕەزايەتى دەربڕين لە دژى خستنەخوارەوەى فرۆكە ئۆكرانييەكە رێكخرابوو بەردەوامە.
ئاوێنه: خوێندكارانى زانكۆى تاران، لە خۆپيشاندانێك لەبەردەم زانكۆدا داواى دەستلەكاركێشانەوەى بەرپرسان و سزادانى بەرپرسان لە رووداوەكەيان دەكرد.
خۆپيشاندانەكان كە هاوكات بوون لەگەڵ بەڕێوەچوونى رێورەسمى ماتەمينى بۆ فەرماندەى فەيلەقى قودس قاسم سولەيمانى كە لە هێرشێكى ئاسمانى ئەمريكى لە بەغدا كوژرا، خۆپيشاندەران درووشمى وەكو؛ ''بۆ ماوەى سێ رۆژ درۆيان لەگەڵ خەڵكى كرد''، ''تاكە رێگاى رزگارى خەڵك رێفراندۆمە''، ''دادپەروەريمان دەوێت'' و ''با خامەنەيى دەستلەكار بكێشێتەوە'' بەرزكردبوويەوە.
لەلايەكى ديكەوە خۆپيشاندانى ناڕەزايەتى دژ بە حكومەت جگە لە تارانى پايتەخت لە زۆربەى شارەكانى ديكە تاكو ئێوارە بەردەوامبوو.
هەشتی ئەم مانگە فڕۆكهیهكی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا له جۆری “Boeing 737” کە له فڕۆكهخانهی ئیمام خومهینی شاری تاران بهرهو شاری كییڤ پایتهختی ئۆكراینا گهشتی دەکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی كهوتەخوارهوه.
دوای رووداوەکە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، قاسم بینیاز رایگەیاندبوو کە سەرجەم سهرنشینانی فڕۆكهكه کە ژمارەیان ١٧٦ کەسە گیانیان لەدەستداوە.
دواتر سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێران بەهەڵە فڕۆکەکەی خستووەتە خوارەوە.