ئەردۆغان دەڵێت: كوژرانی سێ سەربازەكەیان لە "گرێسپی" بێ وەڵام نابێت
  2020-01-17       1228       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وەڵامیان بۆ كوژرانی ئەو سەربازەی وڵاتەكەیان دەبێت كە رۆژی رابردو لەناوچەی گرێسپی ژێر ركێفی خۆیان لە سوریا كوژران.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵیكی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لەدوای نوێژی هەینی سەبارەت بە كوژرانی سێ سەربازی وڵاتەكەی لە ناوچەی گرێسپی لە رۆژئاوای كوردستان، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"ناتوانین وەڵاممان بۆ ئەو هێرشە نەبێت."

ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی، لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە كە دوێنێ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بە ژمارەیەك سەربازی توركدا تەقیوەتەوە لەكاتێكدا ئەو سەربازانە خەریكی پشكنینی ئۆتۆمبێل بون لەسەر رێگەیەكی نزیك لە شارۆچكەی "سلوك" كە دەكەوێتە دوری 10 كیلۆمەتر لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری گرێسپی.

بەپێی رۆیتەرز لەئەنجامدا سێ سەربازی توركیا كوژراون.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند كە سێ سەربازی وڵاتەكە لە هێرشێكدا بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە سوریا كوژراون.

"سلوك" و گرێسپی دەكەونە ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانیدان، ئەوەش دوای ئەوەی لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردو، لەبەرامبەر ئۆپۆراسیۆنەكەی توركیادا، بەپێی رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە، شەڕڤانان لەو ناوچانە كشانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×