وەزارەتی ئەوقاف: ئەمساڵ چوار هەزار و ٨٠٠ کەس سەفەری حەج دەکەن
  2020-01-19       1445       
بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، ''بۆ ئەمساڵ چوار هەزار و ٨٠٠ کەس سەفەری حەج دەکەن و نزیکەی سێ ھەزار ناویش وەک یەدەگ رادەکێشرێت''.

ئاوێنه‌: بە ئامادەبوونی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیروپشک بۆ ئەوکەسانە ئەنجامدرا کە ئەمساڵ بەنیازی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج-ن.

هاوکات شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگەیاند کە لە کۆی زیاتر لە ٧٢ ھەزار فۆڕم کە لە ساڵی ٢٠١٧ پێشکەش کرابوون، تیروپشک بۆ چوار هەزار و ٣٦٩ کەس ئەنجامدرا، ئەوەی دمێنێتەوە لەو ٤٣١ کەسە ١٠٠ کەسیان دەدرێت بە وارسی شەھیدان، ١٠٤ کەسیش بۆ کۆمپانیاکان، ٢٥ کەسیش دواخستنی ساڵی رابردووە و ئەوانی دیکەیش بۆ لیژنەکانە.

شێخ قاسم بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی، ''تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە خوازیاری سەفەری حەج-ن و لە ساڵی ٢٠١٧ فۆڕمی حەجیان پێشکەشکردووە و ناویان بۆ سەفەری حەج نەگەڕاوەتەوە کە ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار و ٨٠٠ کەس دەبێت، نزیکەی سێ ھەزار ناویش وەک یەدەگ رادەکێشرێت''.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتیشی، ''ھەر ھاووڵاتییەک حەجی کردبێت، بە هیچ شێوەیەک ئەمساڵ ناتوانێت حەج بکاتەوە، پڕۆسەی دواخستن بەھیچ شێوەیەک نییە، بۆ ئەوەی ساڵێکی دیکە بڕوات، پڕۆسەکە تەنھا بۆ یەک ساڵە و لەوانەیە ساڵێکی دیکە بەشێوەیەکی دیکە تیروپشکەکە ئەنجام بدرێت، پڕۆسەی تەنازولکردن لە چەند حاڵەتێکدا بوونی ھەیە ئەویش ئەگەر یەکێک کۆچی دوایی کردبێت لەم حاڵەتەشدا تەنھا باوک و دایک و ھاوسەرەکەی دەتوانن بچنە شوێنی، ھەروەھا خوشک و برا بۆ یەکتر و کوڕ و کچ بۆ دایک و باوکیان''.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×