هەردو وێستگەی كارۆئاوی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان چاكدەكرێنەوە
  2020-01-19       714       

وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، بەم نزیكانە دەست بە چاككردنەوەی یەكەكانی هەردو وێستگەی كارۆئاوی بەنداوی دوكان و دەربەندیخان دەكرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا لەنوسینگەی تایبەتی خۆی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی فراوانی بە ئامادەبونی بریكارو راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا كردوە.

لەكۆبونەوەكەدا وەزیری كارەبا باسی لەو گرفت و كێشانە كردوە كە لەچەند هەفتەی رابردودا روبەڕوی سێكتەری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا بونەتەوە بەهۆی هەڵكشانی خێرایی خواستی كارەبا.

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بەچارەسەركردنی یەكەكانی هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، لەمڕوەوە بڕیارە بەم نزیكانە تیمەكانی وەزارەت بەهاوكاری كۆمپانیا پسپۆرەكانی تایبەت بە كاری چاككردنەوەی یەكەكانی وێستگە كارۆئاوییەكان دەست بە كارەكانی چاككردنەوە لەهەردو وێستگەی بەنداوەكە بكەن.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا وەزیری كارەبا لەنزیكەوە گوێبستی بەڕێوەچونی كارەكانی جێبەجێكردنی هەردو پرۆژەی سكاداو دانانی وێستگەیەكی 165 مێگاواتی كارەبا بو لەسەرقەڵا لە ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەم مەبەستە هەر سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو كۆنترۆڵی كارەبای راسپاردوە بۆ سەرپەرشتیكردن و رێكخستنی لایەنی تەكنیكی و هونەری تاوەكو لەدوای تەواوبونی دانانی وێستگەكە كە بڕیارە 8 مانگ بخایەنێت كارەكانی گواستنەوەو وەرگرتنی ئەو بڕە كارەبایە بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستان ئامادە بێت.

سەبارەت بەكاری كۆمپانیاكانیش وەزیری كارەبا وتویەتی: پێویستە سەرجەم كۆمپانیاكانی كارەبا پابەندی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت بن و هەروەكو چۆن وەزارەتی كارەبا كارئاسانی و هاوكاری هەمو كۆمپانیاكان دەكات هەرواش لێپرسینەوەی توندیان ئاراستە بكات لەكاتی كەمتەرخەمی و بونی هەر كەموكورتیەك .

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە پرۆژەی وێستگەی هەڵمی خەبات كە وەزارەت توانیویەتی لەماوەی رابردودا 200 مێگاوات كارەبای لێ بەرهەم بهێنێت و بڕیاریشە بەمنزیكانە كۆمپانیا جێبەجێكارەكانی وێستگەی خەبات پرۆژەكە رادەستی وەزارەتی كارەبا بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×