كەناڵێكی ئەمریكی: رەنگە ئەمریكا سیستمی بەرگریی موشەكی پاتریۆت لە عێراق جێگیربكات
  2020-01-23       768       

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی، رەنگە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سیتسمی بەرگریی موشەكی جۆری "پاتریۆت" لەعێراق جێگیربكات، ئەوەش دوای هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر دو بنكەی سەربازیی ئەمریكا لەو وڵاتە كە تێیدا چەند سەربازێكی ئەمریكی بریندار بون.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، كەناڵەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، بڵاویكردۆتەوە، بیركردنەوەی ئەمریكا لە جێگیركردنی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆت لەعێراق بۆ پاراستنی سەربازانی وڵاتەكەی دەبێت.

رۆژی 8ی ئەم مانگە ئێران بە چەند موشەكێك هێرشی كردە سەر هەردو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبارو هەریر لە هەولێر كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرن، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران كە لەئەنجامی هێرشەكە 11 سەربازی ئەمریكا برینداربون.

بەگوێرەی كەناڵی فۆكس نیوز، سەربازانی ئەمریكا هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو موشە ئێرانیانەیان نەداوە، بەهۆی نەبونی سیستمی دژە موشەكەوە لەو بنكە سەربازیانە.

سەرچاوەكان بۆ كەناڵەكە ئاماژەیان بەوە داوە، بەهۆی ئەوەی كە هێرشی موشەكیەكەی ئێران وەك ئەگەرێكی لاواز لەلایەن ئەمریكاوە سەیركراوە بۆیە سیتسمی پاتریۆت لەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرن جێگیرنەكراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×