نامەیەکی کراوە بۆ خانمانی ئازیز
  2020-02-03       3486       

ئێمەش وەک ئێوە تەواو توڕە و نیگەرانین لەو بێڕێزیی و بێنرخکردنە بەردەوامەی زیاد لە ھێزێک لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرامبەر بە ژنان ئەنجامیئەدەن، بە تایبەتی لەلایەن ئەو جۆرە کەسایەتییە دینییە تازانەوە کە لەم دوو دەیەی دواییدا و لەناو گوتارێکی سەلەفیی تەواو داخراوەوە ھاتوون. کۆمەڵگای ئێمە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، تووشی نەوەیەک لە مەلای دینیی ھاتوە کە نە سەر لە پەیامە دێرینیەکانی دین و نە سەر لە داخوازییەکانی دونیای نوێ دەردەکەن. زمانێکی ھێرشبەری تەواو ناشیرین و پڕ بێڕیزییان کردوە بە زمانی دین و دینداریی، سڵ لە سوکایەتیکردن بە ھەموو ئەو کەسانە ناکەنەوە کە دین و دینداری وەک ئەوان نابینن.

ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم جۆرێک کەسایەتی دینی تازەداین کە لەبری رێنمایی و ئامۆژگاریی ئینسانیی، بە زمانێکی زۆر بازاڕیانە جنێوفرۆشیی و بێ رێزیان کردووە بە کردارێکی ئاسایی ناو مینبەر و خوتبەکانیان. لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان و لە ڕادیۆکان و لەناو مینبەری مزگەوتەکاندا ئەوەی بەسەر دەمیاندا دێت دەیڵێن و سڵ لەوە ناکەنەوە سوکایەتی بە سەدان ھەزار مرۆڤ بکەن. ئەمانە نە دەچنەوە سەر کەلەپوری مەلا ڕۆشنفیکرەکانی دونیای خۆمان، لە نموونەی کەسانی وەکو مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و شێخ محەمدی خاڵ، نە دەشچنەوە سەر ئەو ئایندارانەی ڕێزی مرۆڤ دەگرن و دەزانن مرۆڤی ئەمڕۆکە لە چ دونیایەکدا دەژی و ئەو جۆرە دونیایەش پێویستی بە چ جۆرە ڕوانین و تێگەیشتنێکی تازە ھەیە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناو دیدی ئەم مەلا تازانە نەبینینی ژنە وەک خود، وەک خودێکی سەربەخۆ، وەک زاتێکی عەقڵانیی خاوەن کەسایەتیی، بەڵکو مامەڵەکردن و بینینیانە بۆ ژن وەک ئامراز، وەک کەرەستەیەکی بێئاکار. جارێک وەک ئامرازی خزمەتکردنی پیاو، جارێکی تر وەک ئامرازی دروستکردنی منداڵ و ڕێکخستنی کاری ناوماڵ، جارێکیش وەک کەرەستەی دروستکردنی دیندارییەکی داخراو وێنای دەکەن. لای ئەم جۆرە مەلایانە وەکچۆن خەڵک دروستکراون بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی سەرۆکەکانیان بن و بەیعە و وەلا بە ئیمام و وەلی ئەمیری سیاسیی و دەسەڵاتداران بدەن، بە ھەمان شێوە ژنانیش دروستکراون بۆ ئەوەی بەیعەی خزمەت و ئیتاعەت بە نێرەکانی کۆمەڵگا بدەن. ھەر ئافرەتێکیش لەم تێگەیشتنە نەخۆشە لایدا، ئەوا دەگۆڕێت بۆ دڕندە و بوونەوەرێکی ترسناک، دەبێت بە دانیاسۆر. ئافرەت لە دیدی ئەمانەدا خودێکی سەربەخۆ و عاقڵ و کامڵ نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ وەدیھێنانی خواست و غایەتێکی تایبەت کە پێشتر بۆی دەستنیشانکراوە. لای ئەمانە ژنان دەبێت بەسەر ئەو ”سیراتەل موستەقیمەدا” بڕۆن کە ئەوان، کەسانی وەک مەلا مەزھەر، بۆیان دەستنیشاندەکەن.

لە دیدی ئێمەدا بوون و ژیانی ھیچ کەسێک، چ پیاو و چ ژن، نە ئامرازە و نە کەرەستەیە و نە شتێکە ژێردەستەی خواست و غایەتێکی پێشتر دەستنیشانکراو. ھەموومان، چ ژنان و چ پیاوان، مرۆڤی سەربەخۆ و کامڵین و خاوەنی ھەموو ئەو مافانەین کە مافی مرۆڤێکی کامڵن. ھەم ویژدانمان ئازادە و ھەم بیرکردنەوەشمان. پێشمانوایە ھەر مرۆڤێک خاوەن ئیرادە و خواست و عەقڵ و بیرکردنەوەی تایبەتی خۆیەتی، پێویستی بە مەلا مەزھەر و مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکانیان نییە، پێیان بڵێن چۆن بژین و چۆن بیربکەنەوە. مرۆڤ لە دونیای ئەمڕۆدا خۆی سەروەری خۆیەتی، کاتێک لەگەڵ کەسانی تریشدا ژیانێکی ھاوبەش و پێکەوەیی دروستدەکات، بە پێی کۆمەڵێک یاسا و بەھا و نۆرم دروستیدەکات کە پێکەوە لەسەری ڕێکەوتون و پێکەوە قبووڵی دەکەن، نەک ئەوەی یەکێکیان، جارێک بەناوی ئەم یان ئایدیۆلۆژیاوە و جارێکی تر بەناوی ئەم یان ئەو دینەوە، بەسەر ئەویتریانیدا بیسەپێنێت.

پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگایەکی تەندروست ھەرگیز پەیوەندیی سەردانەواندن و ئیتاعەت و دەمداخستن نییە، پەیوەندیی سوکایەتیکردن نییە بە یەکتری، بەڵکو پەیوەندیی شەراکەت و ھاریکاریی و کاری پێکەوەیی و گفتوگۆیە. ئەمە سەرەتاییترین پرنسیپێکە بکرێت لە ڕێگایەوە کەرامەتی مرۆڤەکان بپارێزرێت و ھیچ کەسێکیش کورتنەکرێتەوە بۆ ئامراز، یان بۆ کەرەستەیەک کەمتر لە مرۆڤ، لە مرۆڤێکی خاوەن ماف و کەرامەت.

لە کۆمەڵگایەکی تەندروستدا ژنان وەک پیاوان ھاوڵاتین، کەسانێکن خاوەنی ماف و بەرپرسیارێتی ھاوبەشن، بەیەکەوەو لە چوارچێوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی یەکسان و دادپەروەردا ژیانی گشتیی خۆیان ڕێکدەخەن و ژیانی شەخسی خۆیان ئازادانە دەژین. ھەردوکیشیان بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ئەم ژیانە گشتییەدا. ئەوەی مەلا مەزھەر و نموونەکانی ئەنجامیەئدەن ھەم دەستبردنە بۆ مرۆڤبوونی ژنان وەک مرۆڤ و ھەم بۆ ھاوڵاتیبوونیان وەک ھاوڵاتییەکی یەکسان و خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی. دەستبردنە بۆ نرخ و بەھای ژنان وەک مرۆڤێکی عەقڵانیی و خاوەن ئیرادە، دەستبردنە بۆ ئەو ماف و بەرپرسیاریەتیانەی کە ھاوڵاتیبوون بە یەکسانیی بە ژنان و پیاوانی دەبەخشێت.

بەداخەوە ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنیش ڕووبەرێکی گەورەیان خستۆتە بەردەم ئەم مەلا دینییە جنێوفرۆشانە بۆئەوەی بتوانن ئەم ھێرشە بۆ سەر ژنان بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبکەنەوە. بەمەش دەبنە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بڵاوبونەوەی ئەو گوتارە سەلەفییە پڕ ھێرشەی ئەم مەلایانە ھەڵیانگرتوە.
خانمانی ئازیز، ئێمە لەم نامەیەدا ھەم دەمانەوێت لە ڕێگای بەرگرییکردن لە ئینسانبوونی ئێوەوە بەرگریی لە ئینسانبوونی خۆمان بکەین، ھەم دەشمانەوێت بەرگریی لەو دیدە بکەین کە ئێمە ھەموومان مرۆڤین و کەسیشمان نوێنەری خودا نییە. بۆیە بە ھیچ جۆرێک ئەو مافە بۆ کەس بە ڕەوانابینین بەناوی خوداوە قسەبکات و بەناوی خوداوە سوکایەتی بە مرۆڤ بەگشتیی و بە ژنان بە تایبەتی بکات. ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا ڕێگای فرەجۆر و بێکۆتایی و ناوەکیی و ڕۆحیی و دەرونین، مەلا مەزھەر و ھاوشێوەکانی مافی ئەوەیان نییە بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە مرۆڤ بێنرخ و بێبەھا بکەن، جنێوفرۆشی بکەن بە نۆرم و بەناوی خوداوە جنێو بە ھەموو ئەوانە بدەن کە وەک ئەوان جنێۆفرۆش نین.

رەووف بێگەرد
مەریوان وریا قانع
ئازاد بەرزنجی
کامەران شەوقی
ئاراس فەتاح
هۆشەنگ وەزیری
هیوا قادر
جەمال حسێن
شوان محەممەد
کاوە محەممەد
رێبین هەردی
هیوا فایەق
خالید سلێمان
ئارام عەلی
ئاسۆس هەردی

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×