گیلگامێش داستانە مەزنەکەی رۆژهەڵات و جیهان
  2020-02-11       7751       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


دەمێکە خەریکی خوێندنەوەی کتێبم، لێ بەداخەوە هیچ گرنگیم بە خوێندنەوەی ئەفسانە و داستانەکان نەدەدا، هەتا پێش چەند ساڵێک هاوڕێی نووسەر و وەرگێڕی هێژام کاک "سەلاح حەسەن پاڵەوان" کتێبێکی نایابی خۆی پێشكەشكردم بەناوی " دەسەڵاتی ئەفسانە"  ئەو کتێبە دەرگایەکی گەورە و لەبیرکراوی بۆ کردمەوە، هەتا ئەو کتێبەم نەخوێندەوە، نەمزانی گرنگی ئەفسانە بەسەر ژیانی گەلانەوە چییە و رۆڵی لە ئێستاشدا چۆنە. لێرەوە ئیتر دەستمکرد بە گرنگی دان بە خوێندنەوەی داستان و ئەفسانە کۆنەکانی گەلان.
داستانی گیلگامێش یەکێکە لە داستانە گرنگ و مێژوویییەکانی جیهان، چ لە رۆژئاواو چ لە رۆژهەڵاتیش، هەمیشە بە گرنگییەوە باسی ئەم داستانە مەزنە کراوە، منیش هەمووکاتێک سەرم لەوە سوڕدەما، بۆچی رۆژئاوایییەکانی هێندە بەسەرسامییەوە باسی ئەم داستانە دەکەن، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەم داستانە لەم وڵاتەی خۆمان روویداوە، کەچی زۆر بەداخەوە ئێمەی کورد هەتاوەکو ئەمڕۆش گرنگییەکی وامان بەم داستانە نەداوە. لەم چەند ساڵەی پێشووشدا، لە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی وونبوی ئەم داستانە دۆزرایەوە، کە یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی ئەم داستانە، لێ بەداخەوە ئەمەش وەکو هەموو شتەکانی تر گرنگی پێ نەداروە.
بە سوپاسەوە هەڤاڵی هێژام کاک کوردەوان، پێش ماوەیەک ئەم کتێبەی بۆهێنام، پاشان دەستمکرد بە خوێندنەوەی، بەراستی بەتەواوەتی سەرسامی کردم، بەتایبەتی کاریگەری گەورەی ئەم داساتەنە بەسەر ئایین و ئەدەب و فکر و فەلسەفەی جیهانەوە زۆر گەورە بووە. ئەم داستانە لەلایەن  کاک " شاسوار هەرشەمی" لە سویدییەوە کراوەتە کوردی، لە راستیدا کاک شاسوار  شارەزایی زۆرباشی لە داستان و مێژووی ناوچەکە هەبووە، هەربۆیە لە وەرگێڕانەکەدا سەرکەوتووبوەو منیش دەستخۆشی لێدەکەم.
لێرەدا هەوڵ دەدەم لەم نووسینە کورتەدا، تیشکێک بخەمە سەر ئەم داستانە و کاریگەرییەکانی بەسەر ئایین و ئەدەب و فکری جیهانەوە بۆ خوێنەرانی ئازیزی دەربخەم.

 


ناوەڕۆکی داستانەکە
ئەم داستانە بە خەتی بزماری نووسراوە، لە دوانزە تابلۆ یان بەش پێکدێت،  هەروەها داستانەکەش بەزمانێکی شیعری نووسراوە، واتە لەجیاتی زمانی ئاساییی، دێرە شیعر نووسراوە، ئەمەش جوانیی و گرنگی زیاتر بە داستانەکە بەخشیوە.
داستانەکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات:
گیلگامێش کە قوڵایی بینی ، بنی زەوی،
ئەو شارەزای هەموو شتێک بوو، لەهەموو شتێک دەگەیشت.
 پێش 4700 ساڵ لە باشووری میزۆپۆتامیا پادشایەکی ژیر و بەهێز و قارەمان لە شاری ئوروک دەژیا و فەرمانڕەوای رەهای شارەکە بووە. لەتابلۆی یەکەمدا لە پەرەگرافی 118/119/120 باسی دەکات و دەڵێت:
گیلگامێش لە ئوروک دادەنیشێ
کەس نییە لەو بەهێزتر بێت
ئەو وەکو هەورە تیشقەی ئانو بەهێزە.ل 44
 کەس نەیوێراوە لە ئاست ئەم پادشا بەهێزە قسە بکات" زۆرجار پیاوانی ناچار دەکرد  تا لەیاری و زۆرنبازی و کێبەرکێکاندا بەشداری بکەن، کەس نەیدەتوانی لەو بباتەوە"  لەهەمانکاتیشدا هەر کچێک شووی بکردایە دەبوایە شەوی بوکێنی لای گیلگامێش بوایە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاربوون و دڵگیرانی خەڵکی شار لە خوداکان پاڕانەوە  کە لەم بەڵایە رزگاریان بکەن، ئانوی خودای ئاسمان، ئاروری ژنە خوداوەندی راسپارد، تا ئینکیدۆی بە بنەڕەت مرۆڤ بخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاوتایەک بۆ گلگامێش، تا ئەوان کێبڕکێی یەکتری بکەن و  خەڵکیش لە بەڵای گیگامێش رزگاربکەن.   
ئینکیدۆ بە پێی داستانەکە بێت نیوەی مرۆڤە نیوەی ئاژەڵە، ئەو لەگەڵ گیانەوەرانی کێوی گەورە بوو، بێ ئاگابوو لەوەی کە مرۆڤە و زیاتر خۆی وەکو ئاژەڵ پێناسە دەکرد. رۆژێکیان یەکێک لە راوچییەکان، شامهاتی کچە شادی بەخش" لەشفرۆش" هان دەدات ئینکیدۆ فریو بدات و  پێکەوە جووت بن و پاشان ئینکدۆ بۆ مرۆڤ وەردەگێڕێت  و شامهاتی شادیبەخش ئینکیدۆ لە ژیانی دارستان و کێویی رزگار دەکات و دەیهێنێتە شاری ئوروک و دەیخاتە ژیانێکی خۆشی شارەوە. بەڵام لێرە رووبەری گیلگامێش دەبێتەوە.  
پێشتریش گیلگامێش خەونێکی بینیبوو، نەیدەزانی مانای خەونەکەی چییە، پاشان    دەچێتە لای نینسوونی دایکی کە ئەویش خوداوەندی مانگای کێوییە، ئەو تەفسیری     خەونەکەی بۆ دەکات پێی دەڵێت، کە لەم ماوەیەدا کەسێک دەبێتە هاوڕێی هەمیشەیی گیلگامیش.
سەرەتا گیلگامێش و ئینکیدۆ وەکو دوو گای کێویی لە مەیدان و شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی شاردا پەلاماری یەکتری دەدەن و زۆرانبازی لەگەڵ یەکتیری دەکەن، تا لە کۆتاییدا گیلگامێش وازدەهێنێت و پێکەوە باوەش بە یەکتری دەکەن و پاشانیش دەبنە هاوڕێی یەکتری.
ئینکیدۆ لە ژیانی شار بێزار دەبێت ، گیلگامێش هەوڵی زۆری لەگەڵدا دەدات کە لەو خەومۆکییە دەریبکات هیچ سوودی نابێت، پاشان پێشنیازی بۆ دەکات بچن بۆ ناوچەی دارستانە سوورەکە و جەنگ لە دژی هومبابای دێوزمە بکەن، لەوکاتەدا کەس نەیوێراوە خۆی لە قەرەی دارستانەکە و هومبابا بدات، پاشان رازی دەبن، زۆرێک لە ریش سپیانی شار هەوڵیان لەگەڵ دەدەن کە لەم کارە پەشیمانیان بکەنەوە ، بەڵام هیچ سوودی نابێت.
پاشان دایکی گیلگامێش هەندێک رێورەسمی ئاینی بەجێدەهێنێت و داوا لە شاماشی خودای خۆرەتاو دەکات کە لە رێگا بیانپارێزێت. شاماشی خودای خۆرەتاو  یارمەتیان دەدات و رەشەبایەکی بەهێز هەڵدەکات و ئەمەش یارمەتی هەردووکیان دەدات تاوەکو پەلاماری هومبابای دێوەزمە بددەن و پاشان لە جەنگێکی سەختدا، بەسەریدا زاڵ دەبن و دارستانەکە لەناودەبەن. هومبابا دەپاڕێتەوە کە نەیکوژن، بەڵام ئەوان دەیکوژن، ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبونی خواوەندەکانی تر. پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ناو شار.
کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ناو شار دواتر ئیشتاری خوداوەند عاشقی گیلگامێش دەبێت، بەڵام ئەو رازی نابێت چونکە دەزانێت پێشتر هەرچی پیاوە تووشی بەدبەختی کردوون، ئەم رەتکردنەوەی خۆشەویستییە، دەبێتە هۆی توڕەبوونی عەشتاری خوداوەند و پاشان دەچێتە لای ئانوی باوکی کە خوای ئاسمانە، لە هەموو خوداوەندەکان بەهێزترە،داوای لێ دەکات کە سزای گیلگامێش بدات، باوکی رازی نابێت کە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەو هەڕەشە لە باوکی دەکات، گەر وا نەکات ئەوا دەرگاکانی جیهانی ژێرەوە دەشکێنێت و رێگا بە مردووەکان دەدات تا سەربکەونە سەرێ و هەموو مرۆڤەکان بخۆن، پاشان باوکی ناچار دەبێت کە کەڵەگایەکی ئاسمانی بنێرێت بۆ لەناوبردنی گیلگامێش و ئینکیدۆی هاوڕێی، بەڵام گیلگامێش و ئینکیدۆ، بەوپەڕی ئازایەتییەوە لە دژی کەڵەگای ئاسمانی دەجەنگێن و پاش شەڕێکی قوورس دەیکوژن. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبونی خوداوەندەکان.
بەمێشوەیە بەهۆی کوشتنی هومبابای دێوەزمە و کەڵەگای ئاسمانی، خوداوەندەکان لە گیلگامێش و ئینکیدۆ تووڕە دەبن و بڕیار دەدەن کە یەکێکیان دەبێت بمرێت، پاش ماوەیەک ئینکیدۆ نەخۆش دەکەوێت و دەمرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاربونی گیلگامێش و لە تەواوی مەملەکەتدا، تەعزیەی بۆ دادەنێت و شیوەن و خەمۆکی بەسەر مەملەکەتدا زاڵ دەبێت و جلی رەش لەبەردەکرێت.
پاش مردنی ئینکیدۆ، گیلگامێش تووشی رەوشێکی دەروونی زۆر خراپ دەبێت و  پێستی شێر لەبەردەکات و  روو لە دەشتودەرو چۆڵەوانی دەکات و  سەرگەردان دەبێت. پاشان رۆژێکیان دەچێتە  خانێک و چاوی بە "سیدوری" ژنە خواوەندی "مەی دروستکەر" دەکەوێت، گیلگامێش نیازی خۆی پی رادەگەیەنێت کە دەیەوێت بچێت سەردانی ئۆتناپیشتیم بکات، ئەو کەسەی کە ژیانی هەمیشەیی لەلایەن خوداوندەکانەوە پێ بەخشراوە.
ئەم گەشتەشی زۆر دژوار و ئاڵۆز دەبێت و ناچار دەبێت بە رێگایەکی ناخۆش  بڕاوت و پاشان لە دەریای مەرگ بپەڕێتەوە، پاش ئەو هەموو رێگایە ئینجا دەگاتە لای ئۆتناپیشتیم. ئەویش چیرۆکی خۆی پێ رادەگەیەنێت کە چۆن خوداوەندەکان ژیانی هەمیشەییان پێ بەخشیوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەبوو، کاتێک ئەنجومەنی خوداوەندەکان بڕیار دەدەن مرۆڤی سەر زەوی لەناوبەرن، ئەوەش لە رێگەی لافاوێکی گەورەوە،هەموو خوداکان رازی دەبن تەنها  "ئێیای" خودای ژیری نەبێت، ئەویش پاشان بە ناڕاستەوخۆ  ئەم هەواڵە بە ئۆتناپیشتیم  دەڵێت، پێیشی راگەیاندووە کە بەمزوانە لافاوێکی گەورە دەبێت و هەموو زەوی دادەپۆشێت، بۆیە پێشنیازی بۆ دەکات، کەشتییەکی گەورە دروست بکات و  هەموو خێزانەکەیی و  هەرچی گیانەوەرو جۆری درەخت و گژوگیایە، کۆیبکاتەوەو بیخاتە  ناو کەشتییەکەیەوە.
پاشان لافاوەکە دروست دەبێت و ئەویش سواری کەشتییەکەی دەبێت و پاش شەش رۆژ و حەوت شەو، لافاوەکە نامێنێت، ئەویش لە سەر لووتکەی چیای " نیسیر"  کەشتییەکەی لەنگەر دەگرێت. پاشان دادەبەزێت و قووربانی پێشكەشی خوداوەندەکان دەکات و ئەوانیش پیرۆزی دەکەن و  ژیانی نەمری پێدەبەخشن. " ئەمەش هەمان حکایەتی لافاوەکەیە کە لە کتێبە پیرۆزەکانی  قورئان و  تەورات و ئینجیل" دا  هاتووە .
کاتێک گیلگامێش دەیەوێت بگەڕێتەوە و سواری کەشتییەکەی بێت، ژنی ئۆتناپیشتیم  پێی دەڵێت ، ئەو دەیەوێت دیارییەکی پێ بدات، پێی رادەگەیەنێت گەر گیلگامێش دەستی بگاتە ژێر دەریالوشی گەورەی "ئاپسو" ئەوا لەوێندەر رووەکی ژیان هەیە، کە هەمیشە بە نەمری دەمێنێت و نامرێت.
پاشان گیلگامێش زۆر سوپاسی دەکات و دەچێتە  بنی ئەو دەریایە و رووەکی ژیانی دەستدەکەوێت. بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ شاری ئوروک، لە رێگادا لە کەنار  گۆمێک  لادەدات و ئاودەخواتەوەو پاشان مەلە دەکات، بەڵام لە پڕێکدا مارێک پەیدا دەبێت و رووەکی ژیان دەدزێت و دەیخوات. ئەمەش گیلگامێش بێزار دەکات، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ناو شار، دووبارە خۆشحاڵ دەبێتەوە، بەشێوەیەکی ئەفسانەیی خوداوەندەکان بڕیار دەدەن کە جارێکی تر ئینکیدۆی هاوڕێی زیندوو بێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی خۆشحاڵی گیلگامێش و پاشان داوا لە ئینکیدۆی هاورێی دەکات، کە باسی ژیانی ژێرەوەی بۆ بکات، ئەویش بە وردی باسی ژیانی ژێرەوەی بۆ دەکات ، واتە " ئەو دونیا، دونیا ئاخر " ئەویش باسی سەرگوزشتەی مردووەکانی بۆ دەکات لە جیهانی ژێرەوە. بەمەش کۆتایی بەئەفسانەکە دەهێنرێت.

 


مێژووی ئەم داستانە مەزنە
مێژووی ئەم داستانە بۆ سەردەمی زێڕینی شارستانی بابلی کۆن دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی کە یەکێک بووە لە شارستانییە مەزنەکانی جیهان، بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، دەگەڕێتەوە بۆ 2000 _ 2100 ساڵ پێش زایین. سەرەتاش ئەم داستانە بەزمانی سۆمەری کۆن و هێڵی بزماری نووسراوە. لە هەزارەی دووەمی پێش زایین، زمانی سۆمەری کۆن یەکێک بووە لە زمانە دێرینەکانی ناوچەکە و لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا، زمانی نووسین و ئاخافتن بووە.
پاشان ئەم داستانە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەکەدی کە زمانی شارستانی بابلی کۆن بووەو لەسەروبەندی ساڵی 1600 کۆکراوەتەوەو کراوەتە ئەکەدی، دیارە لەوکاتەدا زمانی ئەکەدی لە تەواوی رۆژهەلاتی ناڤیدا،  بڵاوبووە.
بۆیەکەمجار  لە ساڵی 1853  لە نزیک شاری موسڵ، کتێبخانەی ئاشوو بانیپاڵ دەدۆزرێتەوە، کە یەكێکە لە کتێبخانە مەزنەکانی جیهان و ساڵی 612 وێرانکراوە. لەو ساڵەدا لە لایەن کۆمەڵێک ئەرکیلۆژی بەریتانییەوە چەند پارچەیەک لە داستانەکە دەدۆزنەوە کە بە هێڵی بزماری نووسراوەو پاشان دەبرێتەوە بۆ مۆزەخانەی بەریتانیا.
ساڵی 1872 زانا و مێژووناسی بەریتانی جۆرج سمیس ماوەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە لەو تابلۆیانە دەکات و بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە داستانە مەزنەکەی گیلگامێشە و بەتایبەتی کاتێک تابلۆی یانزە دەخوێنێتەوە، باسی لافاوەکە دەکات.
دیارە لەوکاتەدا ئەمە  هەرایەکی گەورە دەنێتەوە، چونکە زۆر لە عیلمانییەکان پێیانوایە، ئەم داستانە هەموو چیرۆکەکانی کتێبی پیرۆزی ئینجیلی رەتکردۆتەوە، چونکە بە پێی ئەم داستانە بێت، لافاوەکە پێشتر روویداوە.
وا بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەو نیوێک دەچێت، هەموو ساڵێک لێکۆڵینەوەو راپۆرتی نوێ لە بارەی ئەم داستانەوە لە جیهاندا دەکرێت، ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەتاوەکو ئێستا لەناو کتێبخانەی کوردیدا، لێکۆڵینەوەیەکی باش لەبارەی ئەم داستانەوە نەکراوەو بەشێویەکی زانستی لەم داستانە مەزنەمان نەکۆڵیوەتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەم داستانە لەم وڵاتەی خۆماندا روویداوە.  

 


بۆچی گیلگامێش گرنگە؟
دیارە هەتاوەکو ئەمڕۆش قسەوباس و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر لە تەواوی جیهان دا لە بارەی ئەم داستانەوە دەکرێت، هۆکاری ئەم گرنگی پێدانەی جیهانیش بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە، لەپێش هەموویانەوە بۆ مێژووەکەی، چونکە کۆنترین دەقی ئەدەبی جیهانییە، هەروەها بۆ ناوەڕۆك و ئەو مەسەلانەی کە لەم داستانەدا باسکراوە، لە هەمووشی گرنگتر کاریگەری  بەسەر ئەدەب و ئایین و فکری مرۆڤایەتییەوە.
 لێرەدا هەوڵ دەدەم ، کەمێک لەو کاریگەرییانەی  دەربخەم.

 


بوونی خودا
خاڵێکی گرنگ لەم داساتەنەدا پرسی " بوونی خودا" یە، لە رێگەی ئەم داستانەوە باسی خوداکانی بابلی کۆن دەکرێت، لەهەمانکاتیشدا ئەوەمان  بۆ روون دەبێتەوە کە مەسەلەی " بوونی خودا" لەلای مرۆڤەکان، هەر لەدێر زەمانەوە بوونی هەبووە، لەو سەردەمەشدا بە پێی بۆچوونە باوەکان، خوداکان بوونیان هەبووە. ئەمەش لە رووی مێژووی ئاینەوە، هاوکاری زۆرمان دەکات و وەکو سەرچاوەیەکی مێژووی کۆن،  گرنگە و پێمان دەڵێت: پێش 4700 ساڵیش ، پرسی " بوونی خودا " لای مرۆڤەکانی ئەوکاتەش گرنگ بووە. هەروەها دیدوبۆچوونی ئایینی ئەوکاتەمان بۆ دەردەخات و خەڵکی چ جۆرە خوایەکیان پەرستووەو پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ خوداوەندەکانیان دەردەخات.  
خودای مەزن و خودای ژیری
لە لایەکی ترەوە هەر لە تابلۆی یەکەم و  دێری 225 باسی " ئێنلیل و ئێیا" دەکات.  ئێنلیل بەزمانی سۆمەری کۆن مانای " پادشای خوداکان، خوای هەموو خواکان دەگەیەنێت" ئێیا " مانای خودای ژیری " دەگەیەنێت،. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەو سەردەمەشدا بابلیە کۆنەکان پێیان وابووە کە یەک خودا هەیە و لە هەموو خوداکان مەزنتر بووە، بە پێی بۆچوونی وەرگێری ئەم داستانەش بێت، وشەی " الله" ی عەرەبی ، لە وشەی ئێنلیلی سۆمرییەوە هاتۆتە ناو زمانی عەرەبی . ل54

 


مرۆڤ لە قووڕ دروست بووە
هەر لە دێر زەمانەوە مەسەلەی دروستبوونی مرۆڤ لە چ ماددەیەک، مایەی نیقاشی زۆر بووەو لە کتێبە پیرۆزەکاندا هاتووە کە مرۆڤ لە قوڕ دروستبووە. لەم داستانەشدا هەمان شت دەڵێت.
تابلۆی یەکەم دێڕی  85  و 86دەڵیت:
چنگە قوڕێکی هەڵگرتەوە، فڕێیدایە ئاقار.
وێ مرۆڤی بنەڕەتی ئافراند، ئینکیدۆی ئازا
لەمەشدا بۆمان دەردەکەوێت کە لە شارستانی سۆمەریدا، ئەو باوەڕە هەبووە کە مرۆڤ لە قووڕ دروست دەکرێت واتە پێش هەر سێ ئاینەکە " جوولەکە، مەسیح، ئیسلام" ئەم باسە باسکراوە، دواتریش لە تەوارتدا ئەم باسە، باسکراوەو لە قورئانیشدا لە سورەتەکانی " ال العمران، ئایەتی 59،سورەتی الکهف، ئایەتی 37. سورەتی الانعام ئایەتی 2، سورەتی الرحمن ئایەتی 14 باسی ئەم مەسەلەیە کراوە.

 


مەسەلەی شەش رۆژ و حەوت شەو
لەناو ئەم داستانەدا لە چەندین شوێندا باسی " شەش رۆژ و حەوت  شەو " دەکرێت:
- شەش رۆژ و حەوت شەو ئینکید لەگەڵ شامهات خەریکی خۆشەویستی بوو. دێری 177، تابلۆی یەکەم
هەروەها لە تابلۆی دەیەم و دێری 63 دا،  گیلگامێش  شەش رۆژ و حەوت شەو بۆ مەرگی ئینکیدۆ دەگریت.  لە تابلۆی یازدە دێرەکانی12.13 لافاوە گەورەکە شەش رۆژ و حەوت شەوی پێچوو.
 ئەم پرسی شەش رۆژ و حەوت شەوە کاریگەری بەسەر ئاینەکانیشەوە هەبووە بۆ نموونە لە تەورات و قورئاندا هاتووە، کە خودای مەزن  جیهانی بە شەش رۆژ و حەوت شەو دروستکردووە.

 


خۆشەویستی و سێکس
مەسەلەی خۆشەویستی و سێکسی ژن و  پیاو هەر لە دێر زەمانەوە گرنگی خۆی هەبووە،  داستانی گیلگامێشیش گرنگی زۆر بەم پرسە داوە، ئەمەش بەتایبەتی لە هەردوو چیرۆکی خۆشەویستی شـامهات و ئینکیدۆ، هەروەها عەشتار و گیلگامێش. شامهات لە رێگەی راوچییەکەوە، پیلان دادەنێت، بۆئەوەی ئینکیدۆ کە کەسێکی نیمچە مرۆڤ و کێوییە، لە ژیانی کێوی رزگاری بکات و بیکاتەوە بە مرۆڤی ئاسایی بە ژیانی شارستانی و نێشتەجێبوون ئاشنای بکات.
 لەم حکایەتەدا چەندین مەسەلەدا بابەتی سێکس وروژێنراوە، لە تابلۆی یەکەم و دێرەکانی 167 تا 180 باسی چۆنێتی مامەڵەکردن و  کرداری سێکسی دەکات :
شامهات جلی ژێرەوەی لەبەر خۆی داکەند
ناوگەڵی خۆی بەدەرخست و ئینکیدۆ وروژا
ئینکیدۆ هەوەسی بزوا و شەش رۆژ و حەوت شەو لەو دەشتە لەگەڵ شـهات خەریکی خۆشەویستی بوو.
لە لایەکی ترەوە گرنگی سێکس دەردەخات وەکو ئامڕازێک بۆ ڕاوکردنی پیاو ، ئەمەش هەر لەدێر زەمانەوە پێڕەو دەکرێت، جگەلەوەش لەم پەرەگرافەدا شامهات رۆڵی ژنە لەشفرۆشێک دەبینێت کە لەلایەن راوچیکەوە هان دەدرێت کە ئەم کارە بکات. جێگەی گووتنە وشەی " شـامهات " هێما بووە بۆ ئەو کچە خزمەتکارانەی پەرستگا کە لە ماڵی عەشتار کاریان کردووە.
لە لایەکی ترەوە لەم چیرۆکەدا گرنگی سێکس و خۆشەویستی دەردەخات وەکو ئامڕازێک بۆ نیشتەجێبوون و بۆ مەدەنی بوون، چونکە ئینکیدۆ لە رێگەی شامهاتەوە واز لە ژیان و گیانلەبەرە کێوییەکان دەهێنێت و دوای شامهات دەکەوێت و  لە شاری ئوروک دەژی ، کە دواتر لەگەڵ گیلگامێش دەبنە برادەری گیان بەگیانی یەکتری، واتە دەبێتە مرۆڤی ئاسایی.

 


ئەستێرە ناسی
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوونی ئەستێرەکان و لێکۆڵینەوەو گەڕان بە دوای زانستی ئەستێرەناسیدا، گرنگی زۆری هەبووە بەتایبەتی لەسەردەمی بابلی کۆندا، ئەم شارستانیەتە زۆر مەزن بووەو گرنگی بە زۆر شت داوەو داهێنانی گەورەی لەم بوارەدا کردووە، لەم داستانەشدا دووبارە ئەو پرسە لە چەندین شوێندا ووروژێنراوە، کە ئەمەش گوزارش لەوە دەکات، کە لەو سەردەمەدا پەیوەندی مرۆڤ بە ئەستێرەکانەوە، مایەی گرنگی پێدان بووە، بۆ نموونە لە تابلۆی یەکەمدا لە دێری 244 دا دەڵێت:
ئەستێرەکانی ئاسمان خۆیان بە تۆ نیشان داو
شتێکیش  کە لە هەورە تریشقەی ئانو دەچو، لە پێش تۆ کەوتە خوارەوە.

 



شێوازی خودایی
لە تابلۆی یەکەم لە دێری 189 دا دەڵێت:
کچەی شادیبەخش بە ئینکیدۆی گوت:
تۆ جوانی ئینکیدۆ ، تۆ وەکو خودایەک وای
هەمان دێر لە تابلۆی دووەم  دێری شەش دووبارە دەبێتەوە، لێرەدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، هەروەک کاک  شاسوار هەرشمی دەڵێت:  لەدێرزەمانەوە لەناو گەلانی میزۆپۆتامیا  ئەو فکرەیە هەبووە، کە شێواز و هەیکەلی مرۆڤ لە شێوازی خوداوە هاتووە، هەروەها خوداوەند بە  جوانترین شێوە مرۆڤی دروست کردووە. هەرهەمان شتیش لە تەورات و قوورئاندا هاتووە. لە قورئاندا لە سورەتی  التین ئایەتی 95 دا هاتووە'خلقنا الانسان في احسن تقویم." هەروەها لە تەوراتیشدا هاتووە لە کتێبی یەکەمی موسا هاتووە، خودا مرۆڤی بە هاوشێوەی خۆی ئەفراندووە. جگەلەوەش پێخەمبەریش دەفەرمێت: فان الله خلق ادم علی صورته.   ل 60

 


دیمەنی ترسناک و دۆزەخ
دیارە لەم داستانەدا کۆمەڵێک دیمەنی سەیروسەمەرەی تێدا باسکراوە، هەندێک لەو دیمەنانە کاریگەری گەورەی بەسەر نەوەی دوای خۆی بەجێهێشتووە بەتایبەتی لەرووی فەنتازییەوە. یەکێک لەو دیمەنانەش کە بەلامەوە سەرنج راکێش بوو، تاڕادەیەکیش دیمەنێکی ترسناکە و زیاتر لە باسکردنی دۆزەخ دەچێت ، کاتێک لە تابلۆی  چوارەمدا گیلگامێش خەون دەبینێت، خەونەکەی بەمجۆرە باس دەکات:
ئاسمان گرماندی ، زەوی شریخاندی،
رۆژ کپ و بێدەنگ بوو، تاریکی بەسەر زەوی داکشا
دواتر بوو بە بروسکە  و ئاگری لێکەوتەوە
کڵپەکان بڵێسەیان بڵند بوو، مەرگ دەباری ، دێرەکانی 95.96.97.98
وشەی " مەرگ دەباری " مایەی تێڕامانە، ئەمجۆرە دیمانەنە کە لێرەدا باسدەکرێت، لەسەدەی نوێدا لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و پاشتردا دیومانە، بەتایبەتی لەکاتی بۆمبارانی فرۆکە جەنگییەکان. لەهەمانکاتیشدا ئەم دیمەنە ئاماژەیەکیشە بۆ دۆزەخ، کە لە زۆرێک لە کتێبە ئاسمانییەکاندا باسکراوە.

 


مەرگ
خاڵێکی گرنگی تر کە لەم داستانەدا گرنگی پێدراوە مەسەلەی " مەرگ و ترس لەمردنە". هەمیشە ئەم پرسە لە لای مرۆڤ هەر لەدێر زەمانەوە بۆتە مایەی تێڕامان و لێکۆڵینەوە. لەم داستانەشدا کە مێژووکەی بۆ 4700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆمان دەردەخات کە مەسەلەی مەرگ، چەندە بەلای مرۆڤەوە گرنگ بووە، ترسیش لە مردن، پەیوەندی بە ئازایەتیی و قارەمانێتی ئەو کەسەوە نییە و ئەمەش مەسەلەیەکی ئەزلیییە و  پەیوەستە بە مرۆڤە . لە تابلۆی  چوارەمدا لە دێری 245 253 کۆمەڵێک قسەی گرنگ لەمبارەیەوە دەکات. کاتێک گیلگامێش قسە بۆ  ئینکیدۆ دەکات و دەڵێت:
دۆستی من، ئەی شارەزا لە شەڕان
کە لە جەنگ بێباکی، ئێدی بەختو خۆرایی لە مردن مەترسە
لێگەڕێ با دەنگت وەک تەپڵی شەڕ بڵند بێت
مەرگ لەبیر بکە ، بەدوای ژیاندا بگەڕێ.
لێرەدا قسەکردنە لە بارەی مەرگدۆستی و ژیاندۆستییە، ئەمەش مەسەلەیەکی گرنگە و بۆمان دەردەخات تەنانەت کاتێک مرۆڤە ئازاکان بەرەو جەنگیش بڕۆن، بەرەو  ژیاندۆستی دەڕۆن و بۆ ژیان دەجەنگێن نەک بۆ مەرگ. مەسەلەی مەرگدۆستی و  ژیاندۆستی، یەکێکە لەو پرسانەی کە زۆرێک لە فەیلەسووفانی جیهان و لە سەدەی بیستەمدا خۆیان پێوە خەریکردووە بەتایبەتی ئەریک فرۆم، لەمبارەیەوە کتێبێکیشی نووسیوە.  
لەلایەکی ترەوە مەسەلەی مەرگیش پەیوەندی بە پرسێکی گرنگی ترەوە هەیە کە ئەویش مەسەلەی " نەمرییە" کە ئەمەش خەونێکی دێرینی مرۆڤە و لەم داستانەشدا گرنگی باشی پێدراوە.
نەمریی
هەر لەدێر زەمانەوە مەسەلەی " نەمری" یەکێک بووە لە خەونەکانی مرۆڤ و گەڕان و لێکۆڵینەوە پشکنینی زۆریشی لەمبارەوە کردووە، هەر ئەم پرسەش پانتایی گەورە لە ئەدەب و فەرهەنگی گەلانی جیهان داگیر دەکات. لەم داستانەشدا گرنگی زۆری بەم مەسەلەیە داوە. لە کۆتاییدا کاتێک گیلگامێش هاوڕێ نزیکەکەی "ئینکیدۆ" لەدەست دەدات، تەواو ژیانی تێکدەچێت و پاشان بە دوای پرسی " نەمری" دا وێڵ دەبێت. کاتێک گەشتە ترسناکەکەی بۆ بینینی ئۆتناپیشتیم دەستپێدەکات، ئەویش دەیەوێت وەکو ئەو بەنەمری بمێنێتەوە، پاشان کە دەگەڕێتەوە ژنەکەی وەکو دیارییەک باسی رووەکی نەمری بۆ دەکات، کاتێک گیلگامێش دەتوانێت لە ژێر دەریاکە دەستی بەم رووەکە بگات، بەڵام دوایی مارەکە ئەو رووەکە دەخوات. لەمەشدا مەسەلەی نەمری ، پانتایی گەورە لەم داستانە داگیردەکات. دیارە  هەمیشە " نەمری" بەشێکی گرنگی خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤ بووە.

 


مەسەلای لافاوەکە
مەسەلەی لافاوەکە یەکێکە لە مەسەلە گرنگەکانی ئەم داستانە، گرنگی ئەم باسەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەم حکایەتە بە جۆرێکی تر لە کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلامدا  هاتووە، بە پێی چیرۆکی کتێبە پیرۆزەکان بێت، خودای گەورە فەرمان بە حەزرەتی نوح دەکات، کە  کەشتییەک دروست بکات و هەرچی جۆری گیانلەبەرە بیخاتە کەشتییەکەوەو لەو لافاوە رزگاریان بکات. بەڵام  ئەم داستانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم حکایەتە لەناو ئەفسانە و داستانە کۆنەکانی شارستانی بابلی کۆندا بوونی هەیە.  هەروەک وەرگێڕیش لە کۆتایی داستانەکەدا لە پاشکۆیەکیدا باس لەم دەکات، کاتێک  جۆرج سمیس، مێژووناس و سۆمەری ناسێکی بەریتانیی، بۆیەکەمجار  توانی لەو تابلۆیانە و شێوە خەتە بزمارییەکەی بکۆڵێتەوەو لە ماناکانی تێبگات، کاتێک ئەم راستییەی  ئاشكرا کردووە، لە تەواوی بەریتانیا و جیهانیش لە رۆژنامەکاندا هەرای گەورەی ناوەتەوە، لەوکاتەشدا جیهان بۆتە دوو بەشەوە، بەشێکیان خۆشبەخت بوون دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی پارەی زیاتر بۆ مێژوونوسان، تاوەکو گەشتی عیراق بکەن و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکەن، بەشێکی تریشیان بە ئاشكرا گفتوگۆی ئەوەیان دەکرد، کە ئیدی مەسیحییەت وەکو ئایین کۆتایی پێهات، ل 273
هۆکەشی ئەوەیە کە تەفسیری کتێبە پیرۆزەکان بۆ ئەم حکایەتە تەواو جیاوازە لە گێڕانەوەی داستانی گیلگامێش، هەروەها ئەوەشمان بۆ روون دەکاتەوە، کە پێش هەزاران ساڵ لە ئایینی جوولەکە و مەسیحیەت و  ئیسلام، ئەم داستانە لەناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا بوونی هەبووە.

 


ژیانی  ئێستا و ژیانی ئەو دونیا
خاڵێکی گرنگ و سەرنج راکێشی تر کە بۆتە مایەی نیقاش و قسەکردنی زۆر، لەم داستانەدا پانتاییەکی باش دانراوە بۆ " ژیانی سەر زەوی" پاشانیش " ژیانی ئەو دونیا" یان وەکو لە کتێبە ئاینییە پیرۆزەکاندا " تەورات و ئینجیل و قوورئان" بە " دونیای ئاخر" ناوی هاتووە. لەم داستانەشدا بەتایبەتی لە کۆتاییدا زۆر بەچڕی باسی ئەم مەسەلەیەی کردووە، لێرەش بە : ژیانی ژێر زەوی" وەسفکراوە. کاتێک کە ئینکیدۆ دەمرێت پاشان زیندوو دەبێتەوە، گیلگامێش جەختی لێدەکاتەوە کە باسی ژیانی " ژێر زەوی " یان ئەو دونیای بۆ بکات، کە مردووەکانی لێ دەژین.
لێرەشدا داستانەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لەوکاتەدا ئەو فکرەیە هەبووە کە کاتێک مرۆڤ دەمرێت، بەرەو  جیهانێکی تر دەڕوات کە لە داستانەکەدا بە جیهانی مردوان وەسفی دەکات.
پاشان ئەمە لە هەرسێ ئاینیە ئاسمانییەکەدا" جوولەکە، مەسیحی، ئیسلام" گرنگی زۆری پێدراوە.  لە تابلۆی دوانزەدا، بەدرێژی باسی  جیهانی ژێرەوە کراوەو لە چەندین شوێنیشدا ناوی دەهێنێت.
گیلگامێش بە نیرگاڵی" خوداوەندی جیهانی ژێرەوە"  پاڵەوان  دەڵێت:
کونێک بکەوە بۆ جیهانی ژێرەوە
تا گیانی  ئێنکیدو  لە جیهانی ژێرەوە را سەربکەوێتە سەرێ
نێرگاڵی پاڵەوان، پیاوی گەنج
کونێکی بۆ جیهانی ژێرەوە کردەوە
گیانی ئینکیدۆ  هەروەک سێبەرێک لە جیهانی ژێرەوە را سەرکەوتە سەرێ
دێرەکانی 78 تا 91 هەموو باسی ئەوە دەکەن کە چۆن ئینکیدۆ زیندو دەبێتەوەو لە جیهانی ژێرەوە دێتەوە سەرەوە دووبارە زیندوو دەبێتەوە.

 


ئایینی ئاسمانی
خاڵێکی گرنگی تر کە لەم داستانەدا هەیە مەسەلەی ئاسمان وەکو سەرچاوەو شوێنی خودا. ئەمەش لە چەندین شوێندا ئاماژەی پێداوە، بۆ نموونە لە تابلۆی یەکەم دێڕی 65 دا دەڵێت:
خوداکانی ئاسمان
لە تابلۆی حەوتەم دێری 131 دا هاتووە:
هەر لەوکاتەوە دەنگێک لە ئاسمانەوە بیسترا
لیرەشەوە تێدەگەین کە لەم داستانەدا ئاسمان بە شوێنی خوداکان دانراوە. هەروەک وەرگێڕی بابەتەکەش  لە تێبینیەکیدا دەڵێت: لە دابونەریتی و ئاینی کۆنی میزۆپۆتامیادا ، شوێن و جێگای خودا، لە بڵند و لە ئاسمان  دانراوە.ل 208
دیارە   پاشتر یش هەر سێ ئاینەکە ئاسمان وەکو شوێنی خوداوەنی مەزن دادەنێن و دواتریش ناوی هەرسێکیان بە ئایینە ئاسمانییەکان دەناسرێت. ئەمەش دووبارە خاڵێکی سەرنجراکێشی ترە ، کە لەم داستانەدا بۆمان دەردەکەوێت و کاریگەری بەسەر هەر سێ ئاینەکە دەردەخات.
مەسەلەی شیوەن و ماتەمینی و پرسە
مردنی کەسانی ئازیز و خۆشەویست، هەمیشە کاریگەری بەسەر مرۆڤەوە هەبووە، هەرئەمەش وایکردووە کە هەندێک لە ئەنترۆپۆلیجستەکان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە فکرەی دورستبوونی خوداکان و  قووربانی لەوەوە هاتووە، کە مرۆڤ نەیویستووە ئەو کەسە خۆشەویستانە لە دەست بدات. لەم داستانەشدا پانتایی باش بۆ ئەم مەسەلەیە دانراوە ، بەتایبەتی کاتێک ئینکیدۆ دەمرێت و گیلگامێش بەتەواوەتی نیگەران دەبێت و پرسە بۆ هاوڕێکەی دادەنێت.
بۆ نموونە لە تابلۆی هەشتەم دێری 68 تاوەکو 96 باسی ئەو شیوەنە دەکات
گیلگامێش  بۆ ئینکیدۆی داناوە و  بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات:
بانگی گەوهەر ساز  و ئاسنگەرانی کرد
گیلگامێش پەیکەرێکی بۆ دۆستی خۆی سازکرد
من داوا لە دانیشتوانی ئوروکێ دەکەم تا
بۆت بگرین و شیوەنت بۆ بگێڕن
دوای مەرگی تۆ ، من بێ خۆشتن دەڕۆم
پێستی شێر لەبەر دەکەم و لە د ەشت و دەر ، سەرگەردان دەسووڕێمەوە
هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ بێزاریی و شێوەن و گریان، ئەم دابو نەریتە  هەر لە دێر زەمانەوە هەبووەو لە ئێستاشدا لە باشووری عیراق، ئەم شیوەن و گریانە، بەشیوەیەکی تر لەلایەن شیعەکانی پەرە پێدراوە، کە بە بڕوای من ، شیوەن لەناو کولتوورتی عیراقیدا، پانتایی گەورەی داگیرکردووەو لە شارستانی بابلی کۆنەوە بۆمان ماوەتەوە.

 

 

کاریگەری بەسەر ئەدەبی جیهانەوە
ئەدەبی نووسراو هەمیشە گرنگیی وتایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە بە پێچەوانەی ئەدەب و فەرهەنگی زارەکیەوە، دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. گرنگی گیلگامێش لەوەدایە کە کۆنترین دەقی نووسراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، شێوازی نووسینەکەشی" بەیتی شیعرییە" کە ئەمەش رۆڵی گرنگی هەیە. گیلگامێش وەکو یەکەمین دەقی نووسراو، کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی ئەدەبیاتی جیهانەوە هەیە، بەتایبەتی بەسەر ئەدەبیاتی یۆنانی کۆن، ئەمەش لە داستانە شیعرییەکانی ئەلیادەو ئۆدیسە هەستی پێدەکرێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگی پێدانی جیهانیش بەم داستانە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئەم داستانە کە بە یەکەمین دەقی ئەدەبی جیهانی دادەنرێت.
کاریگەری بەسەر ئەدەبی کۆنی یۆنان
هەروەکو ئاشكرایە کە داستانی ئەلیادە و ئودیسا کە لە لایەن هومیرۆسی شاعیری کۆنی یۆنانەوە 7 سەدە پێش زایین نووسراوە. بە پێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان بێت، داستانی گیلگامێش لە زۆر رووەوە کاریگەری گەورەی بەسەرەوە هەبووە، لە کۆتایی کتێبی داستانی گیلگامێش دا ،کاک شاسوار هەندێک لەو کاریگەریانەی دەرخستووە، کاتێکیش کە خوێنەر گەر هەردوو داستانەکەی خوێندبێتەوە، لە زۆر شوێندا هەست بەو کاریگەرییە دەکات.
بۆ نموونە لە یەکێک لە بەشەکانی داستانی ئەلیادەدا ، ئەکیلیۆس  شیوەن بۆ پاترۆکلۆسی هاوەڵی دەگێڕێت، لەو بەشەدا لە یەکچوونی زۆر لەگەڵ ئەو بەشەی گیلگامێش دەردەکەوێت ، کاتێک شێوەن بۆ مەرگی ئێنکیدۆی هاوڕێی دەکات.
لە شوێنێکی تریشدا کە هەندێک مێژوونوس وەکو " کۆپیکردن یان دزییەکی ئاشكرا" دایدەنێن، ئەوەش کاتێک پێنێلۆپ دەزانێت کە تێلێماکۆس بۆ گەشتێکی مەترسیدار بەرێدەکەوێت و نەخشەش لە گۆڕی هەیە بۆ کوشتنی، دەست بەگریان دەکات و پاشان هێور دەبێتەوە ، دەستەکانی دەشوات و جلوبەری پاکوخاوێن لەبەر دەکات و دەچێتە سەربان و سەبەتەیەک  لەگەڵ خۆی دەبات و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە لە خواوەند ئەسینا دەپاڕێتەوە، کە ئاگاداری کوڕەکەی بێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە. ئەمەش رێک دەقاو دەق وەکو  شتە، کاتێک نینسونی دایکی گیلگامێش دەزانێت، کە گیلگامێشی کوڕی و ئینکیدۆی هاوڕێی بەنیازی سەفەری ترسناک و درێژن، دەچێتە سەربانی ماڵەکیی و خۆی دەشوات و جلوبەرگی پاکو خاوێن لەبەر دەکات و دەچێتە سەربان ، لە خودای هەتاو " شاماش" دەپاڕێتەوە، کە ئاگاداری گیلگامێش  وئینکیدۆ بن.
هەربۆیە لە زۆر شوێندا، هەست بە کاریگەری گەورەی گیلگامێش بەسەر داستانی ئەلیادە دەکرێت، لە کاتێکدا داستانی ئەلیادە، کۆنترین دەقی ئەدەبی ئوروپییەوەو زۆر مایەی شانازییانە. 

 

 

کاریگەری بەسەر هەر سێ ئاینەکە
زۆرێک لە مێژوونوسان و پسپۆرانی بواری میتۆلۆژیا و ئایینناسی لەو باوەڕەدان کە داستانی گیلگامێش کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر هەر سێ ئاینە ئاسمانییەکە هەیە، بەتایبەتی لە کاتی باسکردنی حکایەتی " لافاوەکە و دروستبوونی مرۆڤ و بەهەشت و دۆزەخ".
گرنگترین بابەت مەسەلەی دروستبوونی لافاوەکەیە،لەناو هەر سێ کتێبە پیرۆزەکەدا، باسی دروستبوونی لافاوەکە کراوە، بە پێی گێڕانەوەی  تەورات و قورئانیش بێت، خودای مەزن لە پاش ئەوەی مرۆڤەکان ڕەفتاری خراپ دەکەن، سزایان بەسەر دەسەپێنێت و لافاوێکی گەورە دروست دەکات، لەوکاتەدا تەنها حەزرەتی نوح رێگای پێدەدرێت، کە کەشتییەکی گەورە دروست بکات و  هەرچی خزمو کەسوکار و گیانلەبەرو گژوگیای هەیە، لەنو کەشتیەکەیدا جێگای بکاتەوە. پاشان حەزرەتی نوحیش بە تەمەندرێژترین کەس بانگ دەکرێت" لای خۆشمـان پەندیک هەیە " خۆ عومری نوحی نییە". ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەمەندرێژی.
لە داستانی گیلگامێشدا بە جۆرێکی تر باسی ئەم لافاوە دەکرێت، کاتێک ئەنجومەنی خوداوەکان بڕیار دەدەن مرۆڤی سەر زەوی لەناوبەرن ئەوەش لەرێگەی لافاوێکی گەورەوە، هەموو خوداکان رازی دەبن تەنها  ئێیای خودای ژیری نەبێت، ئەویش پاشان بە ناڕاستەوخۆ  ئەم هەواڵە بە ئۆتناپیشتیم  دەڵێت، پێیشی راگەیاندووە کە بەمزوانە لافاوێکی گەورە دەبێت و هەموو زەوی دادەپۆشێت، بۆیە پێشنیازی بۆ دەکات، کەشتییەکی گەورە دروست بکات و  هەموو خێزانەکەیی و  هەرچی گیانەوەرو جۆری درەخت و گژوگیاهەیە، بیخاتە  ناو کەشتییەکەی. پاشان لافاوەکە دروست دەبێت و ئەویش سواری کەشتییەکەی دەبێت و پاش شەش رۆژ و حەوت شەو، لافاوەکە نامێت ئەویش لە سەر لووتکەی چیای " نیسیر"  کەشتییەکەی لەنگەر دەگرێت. پاشان دادەبەزێت قووربانی پێشكەشی خوداوەندەکان دەکات و ئەوانیش پیرۆزی دەکەن و  ژیانی نەمری پێدەبەخشن.
هەربۆیە کاتێک یەکەمجار ئەم داستانە بڵاو دەبێتەوە، هەرای گەورە دەنێتەوە، چونکە پێشتر خەڵكی تەنها لە رێگەی حکایەتەکەی تەوارت و قوورئانەوە ئاگاداری ئەم حکایەتە بوون.
لە زۆر شوێنی تریشدا هەست بەو کاریگەرییە دەکەین بۆ نموون لە  چیرۆکی دروستبوونی ئادەم لە ئاینە ئاسمانییەکان، ئادەم سەرەتا وەکو هەموو گیانلەبەراکانی تر ژیانێکی کێویی هەبووە، پاشان دەبێتە باوکی هەموو مرۆڤایەتی، ئەوەش لە رێگەی  ئاشنابوونی بە حەزرەتی حەوا، پاشان بە هۆی خواردنی سێوەکە، خوای گەورە لێی تووڕە دەبێت و لە بەهشت دەریدەکات. لە داستانی گیلگامێشیش ئینکیدۆ سەرەتا کەسێکی نیمچە کێویی بووە، پاشان لە رێگەی خۆشەویستی لەگەڵ شامهات  جێژی ژیانی سێکسی کرد و واز لە ژیانی  دارستان و  کێویی و گیانلەبەران دەهێنێت و دەچێتە شاری ئوروک دەژی. 
لەلایەکی ترەوە لە داساتنی گیلگامێشدا هاتووە : ئینکیدۆ بە هاوشێوەی خودای ئاسمان "ئانۆ" ئافێندراوە،  بە پێی تەوراتیش بێت ، خودا ئادەمی هاوشێوەی خۆی خوڵقاندووە.  هەروەها ئادەم و حەواش لە سەرەتادا بە رووتی ژیاون ، ئینکیدۆی سەرەتا بە رووتی ژیاوەو وەکو هەموو گیانلەبەرانی تر.
هەروەها لە رووی فکرەی بەهەشت و دۆزەخ، بەتایبەتی پەیوەندی بەهەشت بە رووبارەکانەوە، لە هەردوو ئایینی جوولەکە و ئیسلامیشدا ، باسی ئەم پەیوەندییە کراوە.  لە قوورئاندا لە چەندین شوێندا لە وەسفی بە هەشتدا هاتووە" جنات تجري من تحتها الانهار" بە گوێرەی تەوارتیش بێت، بەهەشت لە لای سەرچاوە رووبارەکانی پیسۆن و چیهۆعن و و فورات هەڵکەوتووە.
لە داستانی گیلگامێشیشدا کاتێک باسی ژیانی ئۆتناپیشتیم دەکات، کە لە بەهەشتێکدا دەژی  کە لە نزیکی سەرچاوەی رووبارەکانە.

 


کاریگەری بەسەر حکایەتی هەزار یەک شەوەو ئەسکەندەر نامەوە
گیلگامێش تەنها کاریگەری بەسەر ئایین و داستانە مێژووییەکان نەبووە، بگرە کاریگەرییەکی زۆر گەورەشی بەسەر ئەدەبیاتی جیهانییەوە هەبووە، بەتایبەتی ئەدەبیاتی کۆن ، لە رۆژهەڵاتدا حکایەتی " هەزار و یەکشەوە و ئەکسەندەر نامە" دوو حکایەتی کۆنی رۆژهەڵات و رۆژئاوان، داستانی گیلگامێش لە زۆر چیرۆکی ئەم دوو حکایەتەدا، کاریگەری گەورەی تێکردوون.  کاک شسوار لە کۆتایی کتێبەکەدا بە درێژی باسی ئەو کاریگەریانەی کردووە.  
کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی نوێوە
ئەمڕۆ  لە بەشێکی زۆری جیهاندا ئەدەبیاتی " فەنتازی، ماگی ، ساین فەکشن" زۆر بڵاوە، بەتایبەتی لە رۆژئاوادا، هەرچەندە لەم دواییەدا کاتێک سەردانی چینم کرد، سەیرمکرد، لەوێش زۆرێک لە نەوەی نوێی چینی حەزیان بەمجۆرە ژانرەی ئەدەبە، لەمەشدا وەکو رۆژئاوا بیردەکەنەوەو کاریگەری فەرهەنگی رۆژئاواییان بەسەریانەوە زۆرە.
کاتێک داستانی گیلگامێشم خوێندنەوە، ئینجا ئەو کاریگەرییە گەورەیەم بۆ دەرکەوت، چونکە لە زۆر شوێندا فەنتازیا و  چیرۆکی ئەفسووناوی تێدایە، بە راستی کاتێک ئەم داستانە و بەشێک لە ئەدەبیاتی نوێ یان فیلمی نوێ دەبینێت، یەکسەر ئەو کاریگەرییەت بۆ دەردەکەوێت، بە تایبتی لە رووی پێکهێنانی پاڵەواندا، گیلگامێش پاڵەوانێکی خاوەنی هێزێکی ئەفسووناوییە، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو دیمەن و شوێنانەی کە لەم داستانەدا باسکراون، رێک دەڵێیت ئەو فیلم و رۆمانە خەیاڵیانەن ، کە لە ئێستادا لە جیهاندا برەوی هەیە.
شێوازی نووسین
بە پێی ئەو دەقە کوردیەیە کە من خوێندمەوە و لەلایەن کاک شاسوار هەرشەمی لە سویدییەوە کراوەتە کوردی، داستانەکە لە دوانزە تابلۆ یان بەش پێکدێت، ئەوەی گرنگە ، هەموو داستانەکە بە شێوەی " شیعر" نووسراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی نوێیە، چونکە شیعر داهێنانێکی گەورەی ئەدەبییە، هەر ئەم داستانە شیعرییە بۆتە ئیلهام بۆ زۆرێک لە داستانەکانی تری وەکو " ئەلیاد و ئۆدیسا" و لەلایەن هومیرۆسی شاعیرەوە نووسراوە، داستانی " بەهاراتا " ی هیندیش بە شیعر نووسراوە . پاشانیش ئەم داستانە رێگای بۆ بەهێزبوونی شیعر خۆشكردووە لە ناوچەکە و جیهان، بۆ نموونە شکسپیر زۆربەی شانۆکانی خۆی بە شیعر نووسیوە. خۆی لە خۆیدا گێڕانەوەی داستانەکە بە زمانێکی شیعری، داهێنانێکی گەورە بووەو کاریگەری زۆریشی بەسەر  ئەدەبیاتی جیهانەوە کردووەو پەرەی بە شیعر داوەو وایکردووە تا ماوەیەکی زۆر شیعر بەسەر تەواوی ئەدەبیاتی جیهاندا زاڵ بێت.

 

 

چەند سەرنجێک
دیارە من زمانی سۆمەریی و یان ئەکەدی نازانم و سەریشم لە  شێوە نووسینی خەتی بزماری دەرناچێت، لەبەرئەوە زۆر زەحـمەتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەقە بکەم، بەڵام ئەو دەقە کوردیەی کە لە بەردەستمدایە دەتوانم هەندێک سەرنج دەرببڕم، یەکێکیش لەو سەرنجانە کەلام دورست بوو، دووبارە بوونەوەی پەرەگراف و زۆرجاریش رستەیە لە داستانەکەدا، لە زۆر شوێندا ئەم دووبارە بوونەوەیە دەبینیت، نازانم ئایا هەر لە ناوەڕۆکەوە ئەم دووبارە بوونەوەیە هەیە، یان لە وەرگێرانەکە وا هاتووە؟ . بەراستی ئەم دووبارە بوونەوەیە کەمێک خوێنەر بێزار دەکات و بۆتە خاڵێکی لاواز بۆ دەقەکە.
لە تابلۆی چوارەم دێری یەکەم  تا شەشەم، لە لاپەڕە 90 ، هەمان پەرەگراف  لە دێری 35 دووبارە دەبێتەوە:
دوای بیست جووت کاتژمێرت رێ برین، ئەوان نانیان خوارد
دوای سی جووت کاتژمیر رێ برین، تەواو هەواریان هەڵدا،،
هەتا کۆتایی پەرەگرافەکە، هەمان پەرەگراف لە لاپەڕە 94 دووبارە دەبێتەوە.
هەروەها لە لاپەڕە 182 تابلۆ  نۆیەم دێری 142،143،144 چەندین جار دووبارە دەبێتەوە
تاریکی هێشتا هەر چڕ بوو، بێ هیچ تروسکاییەک
کارێکی ئەستەم بوو، چ پێش خۆی ببینێ، چ پاش خۆی
دوای ئەوەی کە ئەو سێ جووتکاتژمێر، رۆیشت
ئەو سێ دێرە هەتا کۆتایی دووبارە دەبێتەوە.
لە تابلۆی یانزەو لاپەرە 231 دێری 222 تا 226 و دووبارە دەبێتەوە.
بەراستی ئەم دێرە دووبارانە مایەی سەرنجە، لەهەمانکاتیشدا دەبێتە هۆی بێزاربوونی خوینەریش.
لە لایەکی ترەوە لە زۆر شوێندا ووشە یان دێڕ و رستە نەماوە، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر مەفهومی گشتی داستانەکە کردووە، لە زۆر شوێنیشدا نەمانی ئەو دێڕانانە یان وشانە دەبنە مایە‌ی پرسیار لای خوێنەر.

 


لە بارەی وەرگێڕانە کوردیەکەوە
لە راستیدا ئەمە یەکەمین بەرهەمی کاک شاسوار هەرشەمییە کە من بەرچاوم کەوتبێت و خوێندبێتمەوە، بە گشتی کوردی زانێکی باشە و هەوڵیداوە بە زمانێکی ئاسان ، دەقەکە بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکات، لە هەمانکاتیشدا زانیاری زۆرباشی لەبارەی مێژوو و داستانەکانی ناوچەکە لە پەراوێزەکان نووسیوە. جگە لەوەش لە کۆتایی داستانەکەشدا چەند پاشكۆیەکی گرنگی نووسیوە بەتایبەتی لەبارەی کاریگەری ئەم داستانە بەسەر ئایینەکان و ئەدەبیاتی کۆنی یۆنانی و رۆژهەڵاتی. تاکە شت کە لەم کتێبەدا بێزاری دەکردم، پیتەکان زۆر بە بچووکی نوسراون، بە داخەوە چاپخانەکە حسابی بۆ خەڵکانێک نەکردووە کە چاوی کەم ببینێت، بریا پیتەکان  کەمێک گەورەتر بونایە بۆ خوێندنەوەی خۆشتر و  ئاسان تر بوو.  
هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم.

 


دوا قسە
 بەدڵنیاییەوە داستانی گیلگامێش، یەکێکە لە داستانە گرنگ و مێژووییەکانی  مرۆڤایەتی، خوێندنەوەی ئەم داستانە، زانیاری زۆرمان لە بارەی ئایین و شێوەی ژیان و ئەدەبیاتی ئەو کاتەی شارستانی کۆنی عیراق پێدەدات، لەهەمانکاتیشدا کاریگەرییەکانی بەسەر ئایین و ئەدەبی کۆن و نوێوە بۆمان دەردەخات. 
دیارە قسەکردن لەبارەی ئەم داستانە زۆری دەوێت، هەتاوەکو ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ، لێکۆڵینەوەی هەمەجۆری لەبارەوە دەکرێت، هەربۆیە هیوادارم بەم چەند دێرەی کە نووسیومە، تیشکێکم خستبێتە سەر ئەم داستانە و گرنگییەکانیم دەرخستبێت.

 


سەرچاوە:
داستانی گیلگامێش. لە سویدیەوە . شاسوار هەرشەمی. چاپی یەکەم. ناوەندنی توێژینەوەی مێژویی جەمیل رۆژبەیانی. چاپی یەکەم،.. سلێمانی. 2017

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×