دەمیرتاش: پێویستە هەدەپە ببێت بەو هێزی چارەسەرەی کە چاوەڕوان دەکرێت
  2020-02-16       1295       

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئامادەکاری دەکات بۆ چوارەمین کۆنگرەی فراوانی ئاسایی خۆی. بڕیار وایە کۆنگرەکە ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو ٢٣ی شوبات دەستپێبکات و تێیدا دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نوێی پارتەکە و سیاسەتی پارتەکە بۆ ماوەی داهاتوو دیاری بکرێت.

ئاوێنه‌: ئاژانسی ئارتی گەرچەکی تورکی سەبارەت بەو کۆنگرەیەی هەدەپە چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ناو هەدەپەدا ئەنجامداوە کە ئەویش سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەیە. سەڵاحەدین دەمیرتاش ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە گرتووخانەی ئێدیرنە بەندکراوە و لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە بە نووسراوە وەڵامی پرسیارەکانی ئارتی گەرچەکی داوەتەوە.

ئەمەش بەشێکە لە چاوپێکەوتنەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش:

هەدەپە بە بەستنی کۆنگرەی چوارەم پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. ئێوە چاوەڕوانیتان لە کۆنگرە چییە؟
دەمیرتاش: پێویستە پارتە سیاسییەکان ئەنجامدانی کۆنگرە وەک پێداچوونەوە بە وەرزی ڕابردوو، وە ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەهێزتر بوون لە وەرزی نوێ ببینن. کۆنگرە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دیموکراسی لەناوخۆی پارتەکەدا بەهێزتر ببێت و بەشداری کردنی ڕاستەوخۆی گەل لە پارتەکەدا زیاتر ببێت. هەدەپە تا ئەمڕۆ هەموو کۆنگرەکانی کردووەتە هۆکارێک بۆ نوێبوونەوە و بەهێزبوون. پێم وایە کۆنگرەی داهاتووش هەر لەو چوارچێوەدا دەبێت.

بە ڕای ئێوە پێویستە هەدەپە ئامانجی دوای کۆنگرەی چی بێت؟
دەمیرتاش: ئامانجەکانی هەدەپە لە بەرنامەی پارتەکەدا بە ڕوونی دیاری کراوە. پێویست ناکات لێرە یەک بە یەک باسیان بکەم. بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە تەواوی ڕێکە تاکتیکییەکان، جۆرەکانی خەبات، شێوازی ڕێکخستنەکان و هەموو کار و چالاکییەکانی دیکە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە کۆنگرەدا دیاری دەکرێت. چەندین ئامادەکاری وەک کۆبوونەوە گشتییەکان و کۆنفرانس و وەرگرتنی ڕای خەڵکی بۆ کۆنگرە کراوە و ئەگەر ئەو ئەنجامانە لە کۆنگرەدا ڕەنگ بداتەوە ئەوکات کۆنگرە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکیدا دەبێت. بە ڕای من گەورەترین چاوەڕوانی گەل لە هەدەپە ئەوەیە کە هەدەپە ببێت بەو هێزی چارەسەرەی چاوەڕوان دەکرێت. هەدەپەیەکی کاریگەر کە بە کادرانی و وتاری و هاوپەیمانێتییەکانی ببێتە ئومێدێک بۆ چارەسەر ئەوا دەبێت بە چاوەڕوانی هەمووان.

باس لەوە دەکرێت کە هەدەپە هەم نەیتوانیوە شتێکی ئەوتۆ لە دۆزی کوردا بکات و هەم نەشتیوانیوە ببێت بە پارتێکی تورکیا. ڕای ئێوە لەسەر ئەو مشتومڕە چییە؟
دەمیرتاش: مشتومڕەکان، ڕەخنە و پێشنیارەکان ئەگەر بە مەبەستی بەهێزکردن و گەورەکردنی هەدەپە کرابێت ئەوا سوودێکی زۆری دەبێت. منیش لێرەوە تەماشای ئەو مشتومڕانە دەکەم. دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەدەپەش بە وردی چاودێری ئەو ڕەخنە و پێشنیارانە دەکات و بایەخیان پێ دەدات. سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە ناڕەوا و دوور لە ڕەوشتیانەی دەکرێتە سەر هەدەپە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەدەپە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بابەتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بابەتی بوون بە پارتی هەموو چەوساوەکانی تورکیا دوو بابەتی هێندە جیاواز نین کە یەک نەگرێتەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە جگە لە پەیڕەوکردنی هێڵێکی سیاسی لەناو یەکدا هیچ شتێکی تر نییە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×