زاڵمای خەلیلزاد: دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لە ئەفغانستان
  2020-02-17       622       
زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان-دا رایگەیاند کە گرنگە هەمووان پێکەوە کار بکەن لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەکە.

ئاوێنه‌: زاڵمای خەلیلزاد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەفغانستان بڵاوکردووەتەوە تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لە ئەفغانستان و بەدیهێنانی سەقامگیری لەو وڵاتە و نووسیوویەتی:

"دەبێت بەشێوەیەکی باش ئەو دەرفەتە هەڵبسەنگێدرێت و پێکەوە کار بکەین لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان-دا".

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد باسی لەوەشکردووە کە ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی دانوستانی ئاشتی لەنێوان حکوومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان-دا ساز بکرێت.

رۆژی هەینی بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکردبوو کە وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان-دا کە بەم نزیکانە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

پێشتر رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئەفغانستان بڵاویکردبوویەوە، ئەگەر بزووتنەوەی تاڵیبان بیسەلمێنێت کە پابەند دەبێت بە ئاگربەستەکەوە، ئەوا لەمیانی ئەم مانگەدا، ئاگربەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

حکوومەتی ئەفغانستان هەوڵدەدات دانوستانی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ساز بکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنێکی ئاشتی پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشڤەچوونێک لەوبارەوە بەدی نەهاتووە.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×