محەمەدی حاجی مەحمود: قاسمی سلێمانی نەبوایە ئێستا بەغداو دیمەشق لەژێردەستی داعشدا بوون
  2020-02-17       1921       
محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران و حاجی قاسم سلێمانی نەبونایە ئێستا بەغداو دیمەشق لەژێر كۆنترۆڵی ڕێخكراوی تیرۆریستی داعشدا بوون".

ئاوێنه‌: محەمەدی حاجی مەحموود لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی باس لەكەسایەتی و  رۆڵی قاسم سلێمانی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش‌ ده‌كات و ده‌ڵێت "قاسم سلێمانی كەسایەتییەكی هێمن و لەسەرخۆی هەبوو، بەردەوام ڕێزی بەرامبەرەكەی دەگرت ، ئەوە جگە لەوەی هەوڵی دەدا كۆبوونەوەكان بەرهەمدار  و ئەرێنی بن، بۆیە زۆر ئاسانكاری بۆ لایەنی بەرانبەر دەكرد تا ئەویش رەزامەند بێت. بەگشتی سلێمانی كەسێكی شارەزا بوو لە كاروبارە كۆمەڵایەتی و سەربازی و جەنگییەكاندا". 

لەبارەی رۆڵی قاسم سلێمانی لە دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان هەرێم و ئێران دەڵێت "پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لەڕێگای قاسم سلێمانییەوە بوون، هەروەك دەڵێت: هەموو ئەو كۆبوونەوانەی قاسم سلێمانی تێیدا ئامادە دەبوو بەرهەمدار بوون".

سەبارەت بەوەی تاچەند قاسم سلێمانی ئاگاداری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بوو، سكرتێری حزبی سۆشیالیست باسی لەوەش كردووە، كە قاسم سلێمانی ئاگاداری تەواوی هەبوو لەسەر بابەتە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانی چینەكانی هەرێمی كوردستان وەك ئەوەی خۆی لەناوماندا بژی.

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە قاسم سلێمانی یەكەم كەس بووە بەخۆی و ٧٠ كەس لە هێزە سەربازییەكان بەشداریان لە جەنگی دژ بە داعشدا كرد و لەپێناو بەرگریكردن لەگەلی كورد لەهەرێمی كوردستان چەندین شەهیدیاندا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×