دوای ئەوەی تۆمەتبارێك لە ساڵی 2014دا لە كۆمەڵگای بنەسڵاوە لە هەولێر كەسێكی كوشت و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات، ئەمڕۆ دوشەممە لەلایەن تیمەكانی پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیركرا.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەڕاگەیەندراوێكدا لەزاری دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە رایگەیاند، لە 31ی 3ی ساڵی 2014دا، تۆمەتبارێك بە ناوی (خ. چ. ق.)، تەمەن (39) ساڵ، بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف لە كۆمەڵگای بنەسڵاوە هاوڵاتییەکی بە ناوی (سامان عەلی عومەر) کوشتبو.
دلێر نەجاڕ وتیشی، تۆمەتبارەكە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبو و خۆی حەشار دابو.
رونیشی كردەوە، ئەمڕۆ تیمەكانی پۆلیسی هەولێر توانییان تۆمەتبارەكە لە کۆمەڵگای "مەلائۆمەر" دەستگیربكەن کە دەمانچەیەک و دو مەخزەن و چەند فیشەکێکیشی پێ بو.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە تۆمەتباری ناوبراو پێشتر بەپێی ماددەی (٤۰٦) لە یاسای سزادان لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرابو.