ڤیدیۆ..وتەی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لەدوای هەڵبژاردنیان بە هاوسەرۆكی یەكێتی
  2020-02-18       2481       

لەدوای ئەوەی هەڵبژاردنیان بە هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، لەبەردەم میدیاكانی یەكێتیدا، یەكی وتەیەكی كورتیان پێشكەش كرد.

ئاوێنە: سەرەتا لاهور شێخ جەنگی، متمانەپێدانی لەلایەن سەركردایەتی حزبەكەیەوە وەك هاوسەرۆكی یەكێتی بە "شەرەفێكی گەورە"و ناوبردو وتیشی"لە هەمان كاتدا ئەمە ئەركێكی قورسیشە."

لاهور شێخ جەنگی وتیشی"خۆتان دەزانن شاندانە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە لەكاتێكدا كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتییەكەی مام و شەهیدەكانمان لە 10 ساڵی رابردو چەندین هەورازو نشێوی بەخۆیەوە بینی، جیابونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەهیممەتی ئێوە مانان و كادرە دڵسۆزەكان و بەتایبەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەمئەندامانی سەنگەرو زیندانیانی سیاسی و هەمو هەواداران و دۆستانی یەكێتی، ئێمە توانیمان ئەم كۆسپە قورسانە پێكەوە تێپەڕێنین و یەكێتی بگەیەنینە ئەمڕۆ. بەڵام ئەركە قورسەكەی ئێمە لەدوای كۆنگرەو لەئەمڕۆوە دەست پێدەكات."

جەختیشی كردەوە كە "یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵقوڵاوی خەڵك بو، بەداخەوە من نامەوێ بچمە سەر هۆكارەكانی ئەوەی كە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتە ئەوەی كە پاشەكشە بكات لەساڵانی رابردو و لە جەماوەر دوربكەوێتەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم كە ئەركی ئێمە وەكو هاوسەرۆك ئەوە دەبێت كە خەڵك لەگەڵ یەكێتی ئاشت بكەینەوەو دوبارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك مامی كۆچكردومان دەیفەرمو، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خانوە قوڕەكان."

وتیشی"من بەڵێنتان پێدەدەم، دڵنیام هەڤاڵ بافڵ-یش بەهەمان شێوە، ئێمە سەربازێكی ونی ئەم حزبە دەبین بۆ لەمەودوا و شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدەكانمان ئاسودە بێت بۆ ئەوەی دڵی كەسوكاری شەهیدەكانمان ئاسودە بێت، ماڵ بە ماڵ بكەین، دێ بەدێ بكەین، شار بە شار بكەین، كوچەو كۆڵانەكان بگەڕێین بۆئەوەی یەكێتی نیشتمانی بخەینەوە سەر ئەو سكەیەی كە لەپێناویدا دامەزرا، كە ئەویش خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بو."

ئەوەشی خستەڕو"خۆم ئامادە نەكردبو كە قسەی زۆرتان بۆ بكەم، بەڵام دڵم زۆر پڕە، خۆشحاڵم بەڵام لەهەمان كاتدا ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە وای لێكردوم كە نەتوانم زۆر قسە بكەم. بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەكەم و دوبارە سوپاسی یەك بە یەكتان دەكەم. بەڵێن بێت لەجێی متمانەی ئێوەو مانان و هەمو یەكێتییە دڵسۆزەكان دەبین."

لەلای خۆیشییەوە بافڵ تاڵەبانی لە وتەیەكی كورتدا وتی"من حەزدەكەم هەر سوپاسی هەڤاڵان بكەم، منیش خۆم ئامادەنەكردبو بۆ ئەمە، ئیشەڵا ئەم سیقەیە لەدەست نادەین و شاربە شار ئەم حزبە هەڵدەستێنینەوە. ئیشەڵا یەكێتییەكەمان دەكەینەوە بە یەكێتییەكەی مام جەلال."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×