پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی بە خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممە دا
  2020-02-20       982       

دەستەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی بە خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممە داوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠، دەستەی سەپەرشتیاری خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی مۆڵەتی بە خۆپیشاندانەکەی شەممە داوە و لە کاتی خۆیدا کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ خۆپیشاندان دەکەن.

دوێنێ چوارشەممە دەستەی ئامادەکاری خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی رۆژی شەممە داواکارییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە ئالیەتێک بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران دابنرێت و یاسای چاکسازیی هەمواربکرێتەوە بەجۆرێک کەمترین موچەی خانەنشینیی کەمئەندامان و هاوڵاتییان ٥٠٠ هەزار بێت و کێشەی سوتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکرێن.

پێشتریش، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، خۆپیشاندان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆم و خێزانەکەم بەشدار دەبین لە خۆپیشاندانەکەدا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×