لیژنەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی كچە حەوت ساڵانەكەی هەولێر بۆ هەر قوتابخانەیەك كە باوكی دەستنیشانی بكات لەو شارەو هەروەها ساڵی رابردوشی لەسەر بنەمای نمرەكانی وەرزەی یەكەمی بە دەرچو بۆ ئەژمار بكرێت.
ئاوێنە: وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسی قوتابی (ل. ل.) کە لە ۳ ی ٤ ی ۲۰۱۹ روبەڕوی تاوانێکی قێزەوەن هاتبوەوە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ قوتابخانە، لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردە بەسەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامێتی راوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی پەروردەی هەولێرو بەڕێوبەری گشتی ئەزمونەکان و بەڕێوبەری گشتی باخچە و فێرکردنی بنەڕەتی، پێکهات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردە، لیژنەكە بڕیاریداوە:
۱ـ بەگەڕاندنەوەی قوتابی (ل. ل.) بۆ هەر قوتابخانەیەک کە باوکی دەستنیشانی بکات لە هەولێر.
۲ـ نمرەکانی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی رابردوی، قۆناغی دوەم ، بۆ وەرزی دوەمیش حساب بکرێت لە بۆردی نمرەکان و ساڵی خوێندنی ۲۰۱٨ ـ ۲۰۱۹ ، بە دەرچو ئەژمار بکرێت.
۳ ـ بەزوترین کات بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەو نمرەی وەرزی دوەمی ئەمساڵی بۆ وەرزی یەکەمیش ئەژمار بکرێت.
٤ـ بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕاسپێردرا کە تەواوی پاڵپشتی زانستی و فێرکاری بۆ قوتابی ناوبراو دابین بکرێت.