حکومەتى هەرێم پێدانی ڤیزەی بە هەریەک لە وڵاتانی تایلاند، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سەنگافورە راگرت
  2020-02-26       219       


حکومەتى هەرێمى کوردستان لە درێژە رێوشوێنەکانى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا بڕیاریدا پێدانى ڤیزا بە هاوڵاتییانى پێنج وڵات رابگرێت کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ ناردنى ئەو کەسانەى کە لەو وڵاتانە دێنەوە بۆ کەرەنتین ( مانەوە لە ژێر چاودێریدا).

ئاوێنه‌:  وەزارەتى ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا بە ژمارە ٤٩٥٢ کە بەروارى ٢٦ شوباتى لەسەرە رایگەیاندوە، لە پێناو پاراستنى ئاسایشى تەندروستى هەرێمى کوردستان بڕیاریانداوە بە راگرتنى پێدانى ڤیزا و هاتنە ناوەوەى هاوڵاتییانى ئەم وڵاتانە: ( تایلاند، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سەنگافورە ).

هاوکات بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنى گەشتى ئەو کەسانەى هەڵگرى پاسپۆرتى عێراقین لە خاڵە سنورییەکانەوە بۆ ئەو وڵاتانەى کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە.

وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریشیداوە ئەو کەسانەى لە دواى ١/١/٢٠٢٠ سەردانى وڵاتانى ( چین، تایلاند، ئێران، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سەنگافورەیان کردوە، لە کاتى گەڕانەوەیان پشکنینى سەرەتاییان بۆدەکرێت لە فڕۆکەخانەکان و دواتر رەوانەى کەرەنتین دەکرێن بۆ ئەوەى ماوەى ١٤ رۆژ لەژێر چاودێریدا بمێننەوە.

دەقى نوسراوەکەى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×