نوێنەری وەزیری تەندروستی ئێران: تەنها لە پارێزگای گەیلان 200 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
  2020-03-08       728       

لەكاتێكدا وەزارەتی تەندروستی ئێران رایدەگەیەنێت كە تا ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەرتاسەری ئێران ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 194 كەس، بەڵام نوێنەری وەزیری ناوخۆ لە پارێزگای گەیلان دەڵێت، تا ئێستا تەنها لەو پارێزگایە زیاتر لە 200 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، كیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا بە كۆی گشتی شەش هەزارو 566 حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێران تۆماركراون و 194 كەسیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام بەگوێرەی هەواڵێكی بەشی فارسی كەناڵی بی بی سی، هەر ئەمڕۆ محەمەد حسێن قوربانی، نوێنەری وەزیری تەندروستی لە پارێزگای گەیلان رایگەیاندوە، تەنها لە پارێزگای گەیلان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندبو كە تا ئەمڕۆ لە گەیلان 496 كەس توشی كۆرۆنا بون لەكاتێكدا نوێنەرەكەی وەزیری تەندروستی لەو پارێزگایە، وتی: تا ئێستا 800 تا 900 حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا لەو پارێزگایە تۆماركراون.

محەمەد حسێن قوربانی، كە دو رۆژە كراوەتە نوێنەری وەزیری تەندروستی لە پارێزگای گەیلان، رایگەیاندوە، ژێرخانی پارێزگاكە بۆ روبەڕوبونەوەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا گونجاو نییە.

پارێزگای گەیلان بۆتە یەكێك لە ناوەندەكانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە ئێران و لەچەند رۆژی رابردو چەندین جار بەرپرسانی پارێزگاكەو نوێنەرەكانی لە پەرلەمانی ئێران هۆشداریان داوە سەبارەت بە دۆخی قەیراناوی پارێزگاكە لە ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×