ئاماری رەسمی: تا ئێستا هەشت كەس لە سەقز بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
  2020-03-11       1286       

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی و دەرمانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، تا ئەمڕۆ چوارشەممە، هەشت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە شارەكە گیانیان لەدەستداوەو 31 كەسیش توشی ڤایرۆسەكە بون.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی میهری ئێران لە زاری ئەنوەر بەهرامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی و دەرمانی شاری سەقزەوە بڵاویكردەوە، دوێنێ سێشەممە دو ژنی 80 و 81 ساڵان کە لە بەشی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" لە سەقز خەوێندرابون، بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداو بەمجۆرە ژمارەی گیانلەدەستداوان بە هۆی کۆرۆنا لە سەقز گەیشتە ٨ کەس.

بەهرامی وتیشی: ٦٠ کەس کە گومانی نەخۆشی کۆرۆنایان لە سەرە لە بەشی تایبەتی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی سەقز خەوێندراون و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و ژمارەیەکی زۆری توشبوش لەو شارە ساغ بونەتەوە.

ناوبراو وتیشی: ٧٨ کەس لە پارێزگای سنە بە دڵنیاییەوە توشی ئەو نەخۆشییە هاتون کە ٣١ کەسیان لە سەقز، ١٧ کەس لە بانە، ١٢ کەس لە سنەی ناوەندی پارێزگاكە، ٢ کەس لە كامیاران، ٧ کەس لە قوروە، ٢ کەس لە مەریوان، ٢ کەس لە دێولان، ٢ کەس لە بیجاڕ و یەک کەس لە سەوڵاوایە.

بەگوێرەی ئاژانسی میهر تا ئێستا لە پارێزگای سنە ٩ کەس بەهۆی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە کە هەشت کەسیان لە سەقز و یەک کەسیان لە مەریوانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×