توركیا: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە
  2020-03-25       441       

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند: ئاڵوگۆری بازرگانیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە، بەبێ بەریەککەوتنی شۆفێرانی بارهەڵگر و کەسەکان.

ئاوێنە: روخسار پەکجان، وەزیری بازرگانیی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە رێگەی دەروازەی خاپور (ئیبراهیم خەلیل)ەوە بەردوامە، سەرەڕای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردو وڵات.

وتیشی"سەرجەم رێکارە تەندورستی و سەلامەتییەکان گیراونەتەبەر بۆ بەردەوامیی ئەو ئاڵوگۆڕە لەگەڵ گرنگترین هاوبەشی ئابوریی وڵاتەکەمان کە عێراقە".

وەزیری بازرگانیی تورکیا راگەیاند: لە پڕۆسەكەدا دوركەوتنەوە لە بەریەككەوتنی شۆفێرەکان و كەسەكان گرنگترین رێکارە کە لە دەروازی خاپور گیراوەتەبەر، وەک رێکارێکی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

روخسار پەکجان ئاماژەی بەوەکرد؛ هەناردەی کاڵا و شمەک بۆ عێراق نەوەستاوە، لە (24)ی ئەم مانگەوە دوهەزار و (72) بارهەڵگر نێردراوەتە ئەو وڵاتە، لەبەرامبەردا (868) بارهەڵگر لە عێراقەوە هاتونەتە تورکیا، بەبێ ئەوەی هیچ بەریەککەوتنێک لەنێوان شۆفێرانی هەردولا هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×