ئاسایشی سۆران رونكردنەوە لەسەر ئازادكردنی سێ كادرەكەی یەكێتی دەدات
  2020-03-26       866       

ئاسایشی سۆران رایگەیاند: ئەو سێ كادرەی یەكێتی لەسەر "شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گواستنەوەی خەڵك بە قاچاخ" دەستگیركرابون، بەڵام "بە هۆی ئەو کەشەی خوڵقێندرا" ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حكومەت ئازاد کران، ئەوەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت داوای ئازادكردنیانی لێكردبو.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا وتی"دوێنێ شەو سێ هاوڵاتی دۆڵی باڵەیان سەر بە ناحیەی قەسرێ بەهۆی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆو هەروەها گواستنەوەی خەڵک بە قاچاخ لە لایەن ئاساێشەوە دەستگیر کران."

جەختشی كردۆتەوە كە "جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتیانە نەبووە و خودی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش ئاگادری ئەم چەندەن و دەزانن ئەمانە بۆ دەستگیر کران، بەڵام بەداخەوە کەسانێک ئەم بابەتانە یەکسەر دەخەنە قاڵبێکی سیاسییەوە و ڕێگری لە جێبەجێ کردنی یاسا دەکەن."

هەروەها ئاسایشی سۆران وتویەتی"بەهۆی ئەو کەشەی خوڵقێندرا ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەر فەرمانی بەرێز سەرۆکی حكومەت ئەو سێ کەسە ئازاد کران، ئەوەش دوای ئەوەی بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت ئەم داوایەی ئاراستەی بەڕێزیان کردبو."

هەورەها جەختیشی كردۆتەوە كە "هێزەکانی ئاسایش یاسا و ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن و هیچ جیاکارییەک لەم بوارەدا ناکەن. هیوادارین لەم دۆخە سەختەدا هەمو لایەنە سیاسییەکان هاوکارمان بن تاکو یاسا و رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر زوبێر عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند كە ئەو سێ كادرەی حزبەكەیان "بەبێ بڕیاری دادگا بوەو ئاسایشی پارتی بەتۆمەتی دروستكراو هەڵیكوتاوەتە سەریان و دەستگیركردون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×