ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵ ڕەخنەی توند لە ئارام قادر دەگرێت
  2020-03-27       15852       

پاش ئەوەی زیاتر لە سێ لەسەر چواری هاودیدانی هەمو ئەنجومەنەکانی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەستیانلەکارکێشایەوەو هەڵوەشانەوەی حزبەکەیان راگەیاند، ئارام قادر یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی هێرشی کردە سەر هاوڕێکانی خۆی و بە "پیلانگێڕ" وەسفیکردن، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

ئاوێنە: یاریدەدەری سەرۆکی هاوپەیمانیی و سێ لەسەر چواری هاودیدانی ئەو حزبە پاش دەستلەکارکێشانەوەیان "ئارام قادر"، سەرۆكی پێشوی هاوپەیمانیان بە "تاکڕەو، ناشەفاف و ناپاباند بە پەیڕەو و دەستوری حزب"ەوە ناوبردو لە چەند بەیاننامەیەکی جیاجیادا هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان رونکردەوە.

لەبەرامبەردا ئارام قادر سەرۆکی پێشوی هاوپەیمانیی هێرشی کردە سەر هاوڕێکانی و رایگەیاند"ئەوەی رویداوە دەستلەکارکێشانەوە نەبو، ئەو کەسانە دەستیانلەکارکێشاوەتەوەو دەستیان کردوە بە دوژمنکاری و ئازاردانی هاوپەیمانی، ئەوەی کرا پیلانگێڕی و چەواشەکاری بو".

لە کاردانەوەی ئەم قسانەی ئارام قادردا، ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و هاوڕێی قۆناغە جیاوازەکانی نابراو، رەخنەی توند لە ئارام قادر دەگرێت.

کامەران بابانزادە، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بە ئارام قادر دەڵێت"بە ھاورێیانە لێم وەرگرە، ئەوەی جیادەبێتەوە قەت قسەی باشی لەدواناکرێ، وامزانی تۆ جیاوازی لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆت لە ناوزڕاندنی جیابوەکانت، بەڵام خراپتر".

موئمین زەڵمی ئەندمی دەستلەکارکێشاوەی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی رایدەگەیەنێت"ئەوەی ئێمە کردمان رزگارکردنی خۆمان و هاوڕێکانمان بو لەو داگیرکاری و گەڕەلاوژێ سیاسییەی سەرۆکی پێشوی هاوپەیمانیی سەرقاڵبو پێیەوە."

هاوپەیمانیی نیشتمانی پاش هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە ۹ی تشرینی دوەمی ۲۰۱٨ ڕاگەیەنراو لە ماوەی رابردودا توشی چەندین کێشەی ناوخۆیی بوەوە، تا ئەوەی رۆژی ۱۹ی ئازار دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ لەو حزبە دەستیپێکردو پاش چەند رۆژێک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانیی کە رۆڵی (پەرلەمان)ی ئەو حزبە دەگێڕێت هەڵوەشانەوەی حزبەکەی راگەیاند و داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد موڵەتی رەسمی حزبەکە هەڵوەشێنێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×