وەزارەتی خوێندنی باڵا: سبەى سەرجەم خوێندکارانى کورد لەوڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان
  2020-03-29       771       

پاشنیوەڕۆی سبەی(دوشەممە) سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانى کورد لە وڵاتى قوبرس دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى (٣٠٠) خوێندکارو قوتابییە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند: لە درێژەى هەوڵە بەردەوامەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتەكەیان بۆ کارئاسانى بەمەبەستى گەڕانەوەى خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس دەخوێنن، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و بەهەماهەنگى و هاوکارى مەکتەبی جەنابی سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ھەوڵی بەردەوامدابونە بۆ گەڕانەوەى ئەو خوێندکارانە بۆ هەرێمى کوردستان، ئەویش بەهۆى بڵاوبونەوەو مەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر ژیانى ئەم فێرخوازانە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ئەنجامدا وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى مژدەى ئەوە ڕادەگەیەنێت سبەى پاشنیوەڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠٢٠) سەرجەم ئەو قوتابى و خوێندکارانەی هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى قوبرس گیریان خواردبو، دەگەڕێنەوە خاکى هەرێمى کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×