ئاگادارییەك بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی راگرتنی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان لە خێزانەكانیان دابڕاون
  2020-04-01       1222       

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هاوڵاتیانە ئاگاداردەكاتەوە كە بەهۆی راگرتنی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانەوە لە خێزانەكانیان دابڕاون، فۆڕمی داواكاری گەڕانەوەی خێزانەكانیان پڕبكەنەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئاگادارى گشت هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ى له‌ خێزانه‌كانیان دابڕاون به‌هۆى ڕاگرتنى هاتوچۆ له‌ نێوان پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌توانن له‌ رێگاى پڕكردنه‌وه‌ى فورمى (گه‌ڕانه‌وه‌ى خێزان) كه‌ له‌ وێبسایتى وه‌زاره‌تى ناوخۆ (moi.gov.krd)  دانراوه‌ داواكارى گه‌ڕانه‌وه‌ى خێزانه‌كانیان پڕبكه‌نه‌وه‌."

وەزارەتەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە "ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ تا 4/4/2020 به‌رده‌وام ده‌بێت و دواتر هیچ داواكارییه‌ك وه‌رناگیرێت."

ئەوەشی رونكردۆتەوە كە فۆڕمەكە‌ به‌شێوازى (pdf edit) دروستكراوه‌و ده‌بێت خانه‌كانى به‌ كومپیوته‌ر پڕبكرێته‌وه‌و دواتر له‌سه‌ر كومپیوته‌ر (save) بكرێت و ڕه‌وانه‌ى ئیمەیڵى (diwan@moi.gov.krd) بكرێت.

وتوشیەتی"دواتر له‌ رێگاى (SMS) داواكار ئاگادارده‌كرێته‌وه‌ له‌ بڕیارى ڕه‌زامه‌ندى یان ره‌تكردنه‌وه‌ى داواكارییەكەی."

بەگوێرەی دەقی فۆڕمەكە، لەبەرئەوەی ئاڵوگۆڕی هێزە ئەمنییەكان لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان راگیراوە، بۆیە هەر كامەندێكی هێزە ئەمنییەكان یان پێشمەرگە ئەو فۆڕمە پڕبكاتەوە بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو خێزانەكەی بە  "سەرپێچیكار" ئەژماردەكرێت و بەپێی یاسا سەربازییەكان رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەرو هەروەها لە فۆڕۆكەدا هاتوە"گشت ناوەكان لە سیستمی بایۆمەتری فەرمانبەران بەراورد دەكرێن بۆ دڵنیابون لە پیشەی داواكار."


هەروەك ئەوەش هاتوە"پێویستە گشت بازگەكان داوای ناسنامە لە سەرۆك خێزان بكات بەمەبەستی دڵنیابون لەوەی كە كارمەندی هێزە ئەمنییەكان نییە."

بۆ داگرتنی فۆڕمەكە لێرە كلیك بكە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×