2020-04-01   54024     
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، كە لە چالاكییەكی فیدایی گەریلایەكیان لە ئاگری دژی سەربازانی سوپای تورك، پێنج زرێپۆش تێكشكێندران و زیاتر لە ٣٠ سەرباز كوژران و بۆری غازی نێوان ئێران- توركیا تەقێنرایەوە.
ئاوێنه: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەربارەی چالاكی فیدایی گەریلایەكیان بەناوی ''سەما كۆچەر'' لە سنووری بازێدی ئاگری دژی سوپای توركیا ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
هەپەگە دەڵێت: ''لە چوارچێوەی هەنگاوی سەركەوتنی شۆڕشگێڕی، كە لە ئەیالەتی سەرحەد-دا بەردەوامە، ڕۆژی ٣١ی ئەم مانگە، كاتژمێری ٠٥:٠٠ی بەرەبەیانی، هەڤاڵمان (سەما كۆچەر) لە ناوچەی بازێدی ئاگری لە نزیك دەروازەی سنووری گوربولاك لەدژی سوپای داگیركەری تورك، لە بەرامبەر بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی، چالاكی فیدایی ئەنجامدا''.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڤاڵمان كۆچەر لەدژی هێزەكانی دوژمن شەڕی كرد، هێرشی كردە سەر پێنج زرێپۆش، كە بۆ دەستێوەردان لە ناوچەكە هاتبوون و هەر پێنج ئۆتۆمبێلەكە و بۆری غازەكەشی تەقاندەوە و لەناویان برد.
دەشڵێت: ''زیاتر لە ٣٠ سەرباز كوژران و دەیانی دیكەش برینداربوون''.