2020-04-02   16658     
له ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی لەبازارەكانی حەواڵەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێك نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی گەیشتوەتە 126 هەزار دیناری عێراقی، پەرلەمانتارێكی یەكگرتووش هۆكاری بەرزبوونەوەكەی ئاشكرا دەكات.
ئاوێنه: دكتۆر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی پێوەندی بە نەبوونی جووڵەی بازاڕەوە هەیە."
ئەوئەندام پەرلەمانەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشدا" بەهۆی كۆرۆناوە هەموو ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی وەستاوە، تەنیا بازرگانی خۆراك و دەرمان نەبێـت، لەبەرئەوە مامەڵە بە دۆلار دەكەن و ئەمەیش وای كردووە نرخی بەرز ببێتەوە."
دكتۆر جەمال كۆچەر راشیگەیاند"لە رابردوو كە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار سێ هەزاری چووە سەر، پێوەندی بە خۆپێشاندانەكانی عێراق و نزیكی خۆپێشاندەران لە بانكی ناوەندی عێراق هەبوو، بەڵام ئێستە بەمەبەست نرخەكەی بەرز نەكراوەتەوە یان بانكی ناوەندی دۆلار نەخستبێتە بازاڕەوە".
بەهۆی كۆرۆنا هەموو جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەستێنراوە، بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، تەنیا جووڵەی خۆراك، دەرمان، غاز و بەنزین نەوەستاوە كە ئەویش پێوەندی بە پێداویستی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە.
شایانی باسه ئهمرۆ نرخی دۆلار بهرمبهر دیناری عێراقی دابهزینی خێرای بهخۆیهوه بینی و نرخی ١٠٠بە 124 هەزار و 250 دیناره.