فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: نزیکەى ١٠٠ هاوڵاتى لە هیندستانەوە گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان
  2020-04-03       767       

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: نزیکەى ١٠٠ هاوڵاتى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى هیندستان گیریان خواردبو بە سەلامەتى گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان.

ئاوێنە: فەرمانگەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە چوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لەسەر بنەمای راسپاردەى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ گەڕاندنەوەى ئەو هاوڵاتیانەى لە دەرەوە گیریان خواردوە، دوێنێ پێنجشەممە بەهەوڵ و کۆششى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت و وەزارەتى دەرەوەى عێراقى فیدڕاڵ و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا نزیکەى ١٠٠ هاوڵاتى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى هیندستان گیریان خواردبو گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان.

ئەوەشی خستۆتەڕو: ئەم هاوڵاتیانە کە زۆربەیان بۆ چارەسەرى نەخۆشى و کارى بازرگانى سەردانى وڵاتى هیندستانیان کردبو دوێنێ بە سەلامەتى گەیشتنەوە هەرێمى کوردستان و لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە تەواوى رێکارەکانى پشکنین و کەرەنتینیان بۆ دەکرێ. 

پێشتریش فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە رایگەیاندبو کە دواى وەستانى گەشتە ئاسمانییەکان زۆر لەو هاوڵاتیانەی بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەى وڵات بون و پێویست بو بگەڕێنەوە، لەچوارچێوەى پلانێکى تۆکمەو بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ توانیمان ئاسانکاری بۆ ژمارەیەکى بەرچاو بکەین و لە هەوڵی بەردەوامیشدا دەبین بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×