شاره‌وانی‌ سلێمانی‌: ژمارەیەك هاوڵاتی بەسەر دیواری پاركی ئازادیدا چونەتە ناو پاركەكەوەو قەرەباڵغییان دروستكرد
  2020-04-03       53229       
ئه‌مرۆ پاركی‌ ئازادی‌ سلێمانی‌
سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌مرۆ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی‌ بەسەر سیاج‌و دیواری پاركی ئازادیدا چونەتە ناو پاركەكەوەو قەرەباڵغییان دروستكرد.

ئاوێنه‌: سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی بەمەبەستی كۆنەبونەوەو دروستنەكردنی قەرەباڵغی دەرگای زۆربەی پاركەكانی بەڕوی هاوڵاتیاندا داخستووە لەنێویشیاندا پاركی ئازادی ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێكردنی یەكێك لەڕێنماییە سەرەكییەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە هەندێك هاوڵاتی پابەندی ئەو ڕێنماییە نابن.

له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، ئەمڕۆ هەینی ٣ی نیسانی ٢٠٢٠، سەرباری درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆو دروستنەكردنی قەرەباڵغی وەك هەنگاوێك بۆ پێشگرتن لەڤایرۆسی كۆرۆنا، ژمارەیەك هاوڵاتی بەسەر سیاج‌و دیواری پاركی ئازادیدا چونەتە ناو پاركەكەوەو قەرەباڵغییان دروستكردبو.

شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێت، بۆ كۆتایهێنان بەو كۆبونەوەو قەرەباڵغییەش، لێپرسراوی هۆبەی پاركی ئازادی كە ڕۆژانە بێ گوێدانە پشوی فەرمی لەئەركدایە پەیوەندی بەبنكەی ئاسایشی ڕزگارییەوە كردووە، بەسوپاسەوە ئەوانیش بەدەم داواكارییەكەیەوە چون‌و كۆتاییان بەو قەرەباڵغییە هێناوە پاركەكەیان بەهاوڵاتییان چۆڵكردووە ئەوەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی‌و تەندروستی ئەو هاوڵاتییانەی سەردانی پاركەكەیان كردبو.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×