له‌ بەندیخانەی مەهاباد به‌ دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان ٦ بەندکراو بونه‌ قوربانی
  2020-04-04       490       
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رایگه‌یاند، بە هۆی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد و دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە بەندکراوان، ٦ بەندکراو کوژراون یان بریندار کراون.

ئاوێنه‌: رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌  ، نزیکەی 300 بەندکراوی ڕاگیراو لە 6 بەند لە کۆی 7 بەندی بەندیخانەی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەش بوون لە مافی مرەخەسی و ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانە، ڕاپەڕین.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادا به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌ ، لە ئاکامی ڕاپەڕینی بەندکراوان و شکاندنی 4 دەرگای بەندیخانە و ئاگردانی بەشێکی زۆر لە کەرەستەکانی ناو بەندیخانە بەتایبەت لە نهۆمی دووهەم، هێزەکانی سپای پاسداران بەندیخانەیان گەمارۆ داوە و دەستڕێژیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، هێزەکانی سوپای پاسداران تەقەیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە و لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا بەندکراوێک گیانی لە دەست داوە و پێنج بەندکراوی دیکەش بریندار بوون. هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو بەندکراوەی کە گیانی لە دەست داوە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.

یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە وێرای پشڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەو بەندکراوەی کە گیانی لە دەست داوە پیاوێکی بەساڵاچوو بووە، بەڵام هێشتا دیار نیە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە یان لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی دەستەویەخە بووە. ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان لە درێژەدا وتی کە هەتا ئێستا هیچ یەک لە بەندکراوە بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانیەکان نەکراون.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە بڕیارە بەشێک لەو بەندکراوانە سزا بدرێن و بۆ بەندیخانەکانی میاندواو، خۆی و نەغەدە دوور بخرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، باوکی یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد کە حوکمی سێدارەی هەیە و خۆی هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستپێکی ڕاپەڕینی بەندکراوان لە پێش دەرگای بەندیخانە حزووری هەبووە، بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هیچ یەک لە بەندکراوەکان نەیانتوانیوە کە هەڵبێن.

بنەماڵەی بەندکراوێکی دیکەش لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە شەقامی محەمەد قازی بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و هێزە ئەمنییەکان لە دەورووبەری بەندیخانە و سەر بانی بەندیخانە و کۆڵانەکانی دەورووبەر جێگیر بوون.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×