خاوه‌ن پرسەکەی هه‌ولێر: پێیان وتین کە قەرەباڵغی مەکەن، بەڵام لەنێو کوردەواریدا باوە کە پرسە هەر خەڵکی بۆ دێت
  2020-04-05       1559       
پشکنینی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکی كارێزانی هەولێر وەرگیراوە و وەزیری تەندروستی دەڵێت، ئەگەر دەرکەوت رێژەیەکیان کۆرۆنایان گرتووە، دەبێت هەموو گەڕەکەکە کەرەنتین بکرێت.

لە گەڕەکی كارێزانی هەولێر لە پرسەی ژنێکی 62 ساڵدا 14 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، ئەمڕۆش( 5-4-2020) 18 كەسی  دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

بارزان موحسین، خاوەنی پرسەکەیە و دەڵێت، "پێیان وتین کە قەرەباڵغی مەکەن، بەڵام لەنێو کورد ەواریدا باوە کە پرسە هەر خەڵکی بۆ دێت، پرسەکەی ئێمە سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە بوو، هی دوای تەشەنەسەندنی نەبوو".

دوو رۆژ دوای پرسەی ئەو ژنە لە هەمان کۆڵان پرسە بۆ پیاوێکی 70 ساڵیش دادەنرێت و قەرەباڵغی زۆرتر دەبێت، دراوسێکان دەڵێن کچێکی ماڵی خاوەن پرسەکە کە ماڵی لە مەلا ئۆمەر بووە، هاتووەتە پرسەکە و ڤایرۆسەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە و خزم و کەس و دەرودراوسێش بۆ سەرەخۆشی چوونەتە پرسەکە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، هەر شوێنێک گومانمان لێیهەبێت کە تووشبووی تێدا زۆر بێت، ئەوا بەتەواوی کەرەنتینی دەکەین".

ئەوانەی لە پرسەکەدا بەشداربوونە دەڵێن، بۆ هەردوو پرسەکە نزیکەی 150 کەس لە خزم و کەسوکاریان هاتوون، زۆربەشیان بۆ دەربڕینی هاوخەمی تەوقە و باوەشیان بەیەکدا کردووە و نزیکەی 30 کەسیان کەرەنتین کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×