لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا: قەدەغەی تەواو تا سەعات 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت
  2020-04-06       589       

لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد، لەوانە بەردەوامبونی قەدەغەی تەواو تاوەكو سەعات 12ی ئەمشەو دوشەممە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێگە‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسە‌وە‌، سەرپەرشتیی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ھەرێمی كوردستان کرد.

لە کۆبونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی قۆناغی داھاتوی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان كرا، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاوڵاتیانی لە‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھە‌روە‌ھا سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد لە‌بە‌ر پابە‌ندبونیان بە‌ رێنماییە‌كان و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ ئەركی حكومە‌تە‌ پێش ھە‌مو شتێك ژیانی ھاوڵاتیانی ‌بپارێزێت و ئە‌م پلانانە‌ی حكومە‌تیش هەر بۆ ئە‌و مە‌بە‌ست و ئامانجەیە.

دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی دواپێشهاتەکانی بڵاوبونەوەو ئامارەکانی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغی داهاتو و پێداویستییەکانی خستەڕو بۆ ئەوەی پلانەکانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بکەن.

پاش گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئە‌م بڕیارانە دران:

١- بەردەوامبونی بڕیاری پێشوی قەدەغەی ٤٨ كاتژمێری هاتوچۆی تەواو تا کاتژمێر ١٢ ئەمشەو.

٢- بۆ ڕێکخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ کە تا  ١٠/٤/٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان لە ڕێگای ڕێکاری نوێ و دیارکردنی کات وشێوازی کارکردنیان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزیی وتایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکان بەو شێوەیەی لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕو.

٣- کاتێک دیاری بکرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و کارمەندانی ماندونەناس کە خزمەتی هاوڵاتییان دەکەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەکە دیاری دەکرێت.

٤-  سوپاسی هاوڵاتیان دەکرێت لەپای پابەندبونیان بە رێنماییەکان، هەروەها ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا.

٥- وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان، راسپێردران کە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانی داهاتو، بە ڕچاوکردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.

٦- وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×