کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری لەوەستانی بەرهەمهێنان دەدەن
  2020-04-06       561       

بەهۆی نەبونی بازاڕو ڕێگەنەدان بە ساغکرنەوەی بەرهەمی مریشکی زیندو، کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری دەدەن لە کەوتنی ئەو کەرتە.

ئاوێنە، زریان محەمەد: نازم عەبدوڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بێ هیوابون لە بەرهەمهێنانی مریشک و دوبارە پڕکردنەوەی هۆڵەکانیان لە جوچک بەهۆی خاوبونەوەی بازاڕ".

راشیگەیاند"لەئێستادا زیاتر لە دو ملیۆن مریشک لەناو هۆڵەکان ئامادەیە بۆ فرۆشتن کە هەر کیلۆیەک لەم کاتەدا ٤٥٠ دینار لەزەرەرداین گەربێتو ئەم زەرەرە هەروا بەردەوام بێت و ڕێگریمان لێبکرێت، ئەوا خاوەن هۆڵەکان جوچک تێناکەنەوە، ئەوکات نرخی مریشک لەسەر هاوڵاتیان گران دەبێت".

ئەوەشی خستەڕو كە خاوەنانی كێڵگە پەلەوەرییەکان داوا لەحکومەت و وەزیری کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگار و قائیمقامێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن گەر خەمخۆری بەرهەمی ناوخۆیین بەزوترین کات بێنەسەرخەت و چارەسەرێکی گونجا بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی مریشکی زندو بدۆزنەوە چونکە خاوەنی هۆڵەکان لەئێستادا دودڵن لەوەی جوچک بخەنە ناو هۆڵەکان بۆ بەرهەمهێنان ئەگەر ئەوان ئەو کارە نەکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دو مانگی داهاتودا بەرهەمی مریشکی زیندو زۆر کەم دەبێتەوە و نرخیش بەرزدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا دەبێت بەهەموان پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکەین لەئێستادا لەبەردەم مەترسی زیانێکی گەورەداین کە نرخی هەر تەنێک عەلەف ١٢٠ دۆلار لەسەریان زیادیکردوە.

جەختیکردەوە لەماوەی ڕابردودا بەهۆی داخستنی دوکانەکانەوە نزیکەی پێنج ملیار دینار زیان بەر کەرتی کڵێگە پەلەوەرییەکان کەوتوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×