"ترس لەدەنگە ناڕازیی‌و یاخییەکان، تایبەتمەندی دەسەڵاتە ستەمکارو نادیموکراتەکانە"
  2020-04-07       1040       
دەرنگانێکی‌ شەوی‌ رابردو بۆجاری‌ دووه‌م‌و له‌ماوه‌ی‌ 15 ڕۆژدا، رۆژنامه‌نوس هێمن مامه‌ند له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركرایه‌وه‌و مامۆستایه‌كی‌ زانكۆش ده‌ڵێت، "ترس لەدەنگە ناڕازیی‌و یاخییەکان، تایبەتمەندی دەسەڵاتە ستەمکارو نادیموکراتەکانە".

ئاوێنه‌: دوای‌ 24 كاتژمێر له‌ئازادكردنی‌، دەرنگانێکی‌ شەوی‌ رابردو بۆجاری‌ دووه‌م رۆژنامه‌نوس هێمن مامه‌ند له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی له‌شاری‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرایه‌وه‌، تا ئێستاش هێزه‌ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌ولێر هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌، د. محه‌مه‌د عه‌لی‌، مامۆستای‌ زانكۆ ڕو له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ولێر ده‌كات ده‌ڵێت، "ئێوە خاوەنی ئەو ھەمو ڕۆژنامەنوس‌و دەزگائیعلامیە حیزبیەن، ھێشتا ترستان لەھێمن مامەندێک ھەیە؟".

ناوبراو ڕایگه‌یاندووه‌، "لەو شارە پڕکۆشک‌و مۆڵ‌و شەقامی سەدی‌و سەدو بیستی‌و سەدو چلیەدا، جێگای ھێمن مامەند نابێتەوە؟".

د. محه‌مه‌د عه‌لی‌ نوسیویه‌تی‌، "حیزبێک ٧٤ ساڵە ناوی دیموکراتی لەخۆی ناوەو دەیان پێگەی گرنگی حکومڕانی بەدەستەوەیە، بەڵام تەحەمولی ھێمن مامەندێک ناکات! ترس لەدەنگە ناڕازیی‌و یاخییەکان، تایبەتمەندی دەسەڵاتە ستەمکارو نادیموکراتەکانە.‌"

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر دوباره‌ ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌، سەنتەر میترۆ بۆ داکۆکی‌ لەرۆژنامەنوسان لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی‌ بەوەکردووە، "لەكاتێكدا رێكخراوەكانی داكۆكیكار لەئازادی رادەربڕین‌و رۆژنامەنوسی داوا لەسەركردەكانی جیهان دەكەن، رۆژنامەنوسە بەندكراوەكان ئازاد بكرێن تا سەلامەت بن لە هەرەشەی COVID-19، بەڵام درەنگانێكی ئەمشەو هێزێك چونەتە سەر ماڵی هێمن مامەندو دەستگیریانكرد."

میترۆ ڕایگه‌یاندووه‌، "بانگەوازی ئەو رێكخراوانە لەم كاتەدا بەهۆی ئەگەری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبەندینخانەكان، مۆركێكی ئینسانی هەیە، بۆیە ئالەم كاتەدا پەنابردن بۆ دەستگیركردنی چالاكوانی مەدەنی، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و پشتگوێخستنی ئەو داخوازیانەن كە ئەو رێكخراوانە رایانگەیاندووە."

سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکردووە، لەدەستگیركردنی پێشوی هێمن مامەند وەك كەیسی دەربڕینی بیروڕا تەماشایان كرد داوامان كرد بەكەفالەت ئازاد بكرێت. ئێستاش وێڕای دەربڕینی نارەزاییان لەشێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كەیسە، داوا دەكەن بەكەفالەت ئازاد بكرێت.

بەهۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك ڕەخنەی‌ لەدابه‌شنه‌كردنی‌ موچەی‌ فه‌رمانبه‌ران گرتبو به‌پاساوی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ، رۆژی‌ 2020/3/24 هێمن مامەند له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منییه‌كانی‌ هه‌ولێره‌وه‌ دەستگیرکراو دوای 10 ڕۆژ مانه‌وه‌ی‌ له‌زیندان، بەکەفالەتی  10 ملیۆن دیناری عێراقی ئازادکرا، به‌ڵام شه‌وی‌ ڕابردو -6 له‌سه‌ر 7ی‌ 4ی‌ 2020- دوباره‌ ده‌ستگیركرایه‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×