ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدات و وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: داوایان کردوە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە درێژبکرێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠، ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێریش بە "ئێن ئاڕ تی" راگەیاند، وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان تاوتوێی پلانێکی نوێ دەکات بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ و ئەمڕۆ وردەکاریی و وادەی درێژکردنەوەکە ئاشکرادەکرێت.
وتیشی: جارێکی دیکە قەدەغەی ھاتوچۆ درێژدەکرێتەوە بەڵام جارێ کاتی درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دیاری نەکراوە.
هاوکات، محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی رایگەیاند، وەکو وەزارەتی تەندروستیی داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردوە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکرێتەوە.
رونیشیکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاردەدات و تاوەکو ئێستا دیارنییە ئەو پێشنیارە قبوڵ دەکرێت یاخود نا.