سەرۆک کۆماری ئێران رەخنە لە ئەمریکا و سعودیە دەگرێت
  2020-05-13       782       

حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران،  رایگەیاند، “بیرمنایەت لە هیچ قۆناغێکی مێژووی ئەمریکادا، کۆشکی سپی بەم شێوەیەی ئێستا نامرۆڤانە و بێبەزەیی بووبێت. وەزیری دەرەوەی ئەم رژێمە بەشێوەیەک رەفتار دەکات وەک ئەوەی لە ژیانیدا هیچ ئەلف و بێی سیاسەتی نەبینیبێت”.

ئاوێنه‌: حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پرسە هەنوکەییەکانی هەڵسەنگاند.

هاوکات حەسەن روحانی تیشکی خسە سەر ئەوەی حکوومەتی ئەمریکا دوابەدوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی، بەدرێژایی دووساڵ قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە و وتی، “بەدرێژایی ئەم دووساڵە رووبەڕووی خراپترین حکوومەتی مێژووی ئەمریکا بووینەوە. بیرمنایەت لە هیچ قۆناغێکی مێژووی ئەو وڵاتەدا، کۆشکی سپیی بەم شێوەیەی ئێستا نامرۆڤانە و بێبەزەیی بووبێت. وەزیری دەرەوەی ئەم رژێمە بەشێوەیەک رەفتار دەکات وەک ئەوەی لە ژیانیدا هیچ ئەلف و بێی سیاسەتی نەبینیبێت”.

شایەنی باسە سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە قاسم سولەیمانی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی ئەمریکادا کوژراوە و وتی، “پێشتر چ حکوومەتێک بەرپرسی باڵای وڵاتەکەمانی لە کاتی ئەرکدا لە وڵاتێکی دیکە تیرۆرکردووە؟ راستە ئەمریکا هەمیشە تیرۆرست بووە، بەڵام بەم ئەندازەیەی ئێستا نا”.

جێگای ئاماژەیە حەسەن روحانی باسی لەوەش کرد کە لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)دا، سزاکانی ئەمریکا تەنانەت رێگری لە هاتنی دەرمان و پێداویستی پزیشکیش کردووە و بەبێ ناوهێنانیش رەخنەی توندی لە سعوودیە و پاشای ئەو وڵاتە گرت و گوتی: “بۆ ماوەی دووساڵ قورسترین سزا بەسەر وڵاتەکەماندا سەپێندرا و دواتریش ئەم ڤایرۆسە، لەلایەک ئەم هەموو کێشەیە و لە لایەکیش حکوومەتی ستەمکاری ئەمریکا کە لە مێژوودا هاوتای نەبووە. لە باشووری وڵاتەکەشماندا کۆمەڵێک رژێمی دواکەوتوو هەن بەتایبەت یەکێکیان زۆر سەیرە. تا ئێستا زۆر بەدەگمەن باوک و کوڕی وا سەیرمان بینیوە. وا دیارە خوای گەوری بەم شێوەیە تاقیمان دەکاتەوە. بێگومان خودا دراوسێی زۆر باشیشی پێداوین جگە لە یەک دووانێکیان دراوسێکانی دیکەمان باشن و هاوپەیمانیانین”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×