بەشیر حەداد ئیدانەی هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازان لەلایەن نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە بەغدا دەكات
  2020-05-17       1101       

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازان لەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت ئەوان دژی کارێکی لەو شێوەیەن و رێگەی پێنادەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو کارەی نوێنەرایەتی يەكێتى ئەوروپا کە رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٥/١٧ لە بەغدا ئەنجامی داوە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لەسەر باڵەخانەکەیان، کارێکی نابەرپرسانەو نافەرمییەو جەختیشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە کە پێویستە نوێنەرایەتی يەكێتى ئەوروپا لە بەغدا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت، چونکە ئەوە بەزاندنی سنورەکانە و لەلایەن بەها دینی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە رەتدەکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە”ئێمە رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لە وڵاتەکەمان نادەین، داوا لە وەزارەتی دەرەوە و لایەنەپەیوەندیدارەکان دەکەین بەدواداچون بۆ ئەو کارە بکەن و هەریەک لە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەوقاف و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین کە هەستن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر بەو کارە.”
حەداد ئاماژەی بەوە كردوە كە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لە بەغدا بریندارکردنى هەستی کۆمەڵگەی عێراقییەو داواشی كردوە بەزوترین کات ئەو ئاڵایە بهێنرێتە خوارەوە و داوای لێبوردنیش لەو کارە بکرێت و جارێکی دیکەش کارێکی لەوشێوەیە دوبارە نەکرێتەوە.

ئەمڕۆ نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە بەغدا، لەسەر باڵەخانەكەی خۆی ئاڵای هاوڕەگەزبازانی هەڵداو ئەوەش كاردانەوەی توندی عێراقییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەریەكە لە حزبی دەعوەو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە جیا ئیدانەی ئەو كارەیان كردو داوایان لەحكومەت كرد رێكار بگرێتەبەر بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەو رەفتارانە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×