2020-05-20   1010     
دادوەرێکی عێراقی دانیشتوی پارێزگای زیقار، ئەمرۆ چوارشەممە دەسترێژی گولـلە لە هاوسەرەکەی و منداڵەکانی دەکات، لە ئەنجامدا پێنج کەس گیان لەدەستدەدەن و سیانی دیکەش بریندار دەبن.
ئاوێنه: بەگوێرەی حورە، کێشەی خێزانی لەنێوان دادوەرەکە و هاوسەرەکەیدا هەبوە، بەوهۆیەوە چوەتە ماڵی باوکی لە گەڕەکی سۆمەر لە ناسریە.
تۆمەتبارەکە لەگەڵ ئامۆزایەکیدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی خێزانەکەی، دوای دروستبونی دەمەقاڵی لەنێوانیاندا دەسترێژی گولـلەی لێکردون.
بەگوێرەی زانیاریەکان، کچێکی تۆمەتبارەکە کە تەمەنی دو ساڵ بوە لەگەڵ باوک، خوشک و برایەکی خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات سێ کەسی دیکە برینداربون، کە یەکیان هاوسەری تۆمەتبارەکەیە و باری تەندروستی ناجێگیرە. تۆمەتبارەکە و ئامۆزاکەی دوای روداوەکە هەڵهاتون، تا ئێستا بێسەرو شوێنن.