تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان
  2020-05-21       707       

تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراقیش زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت،  سیستمی بانكیەكەیان لەئێستادا كراوەیه‌.

كازم نامیق، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق رایگه‌یاند: “سیستمی بانكی ئێمە لەئێستادا كراوەیە بۆ وەرگرتنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە رەزامەندی لەسەر دراوە وەك مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت”.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ میدیاو لاپه‌ڕه‌یه‌كی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسیان له‌ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غداد به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد.

حكومه‌تی عیراق له‌ رۆژی ١٦ی مانگی رابردوودا بریاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، ئه‌وه‌ش به‌پاساوی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ یاسای بودجه‌وه‌ و نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی عیراق نه‌كردوه‌.

پێشتر حكومه‌تی عیراق مانگانه‌ 453 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم ده‌نارد، به‌ڵام بۆ مووچه‌ی مانگی نیسان بڕیاره‌ ته‌نها ٤٠٠ ملیار دینار بنێرێت، هێشتا دیار نیه‌ كه‌ هۆكاری ئه‌و لێبڕینه‌ چیه‌ و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و ٤٠٠ ملیاره‌ دیاریكراوه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ پێویستی به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌، به‌وه‌رگرتنی ئه‌و ٤٠٠ ملیار دیناره‌ هێشتا حكومه‌ت پێویستی ٤٨١ ملیار دیناری تر ده‌بێت بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگێك.
 
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×