پەرلەمانتارێكی یه‌كگرتو: پارێزگاری دهۆك وەك وتەبێژی لق قسە دەكات
  2020-05-21       233       


پەرلەمانتارێك وەڵامی قسەكانی پارێزگای دهۆك دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: وەك وتەبێژی لقی پارتی قسەی كردوە نەك بەرپرسی یەكەمی حكومی پارێزگای دهۆك. دەشڵێت: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی كۆبوونەوەی بە بەشدارانی خۆپشیاندانەكە كردوە ئەی ئەركی بازگە ئەمنیەكانی دهۆك چی بوە بۆ رێگەدان بەو كەسانە بڕۆن بۆ سلێمانی و هەولێر.

ئاوێنه‌: هەڵز ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان وەڵامی قسەكانی فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆكی دایەوە كە رایگەیاندبوو حزبە سیاسییەكان هانی مامۆستا و فەرمانبەرانی دهۆكیان داوە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، دەڵێت: كاتێك بەپرسی یەكەمی حكومی پارێزگایەك هەست بە پرسیاریەتیەكەی نەكات و وەك وتەبێژی لقی پارتی قسە بكات، ئەمە جاری یەكەمیش نیە تۆمەت بدەنە پاڵ حزبە سیاسیەكان، لەكاتێكدا لەپارێزگاكانی تر خۆپیشاندانیش كراوەو هیچ توندوتیژییەك رووینەداوەو خۆپیشاندان پارێزراو بوون.

وتیشی: ئەگەر ئەوان خاوەنی دهۆكن ئەی بۆ سكی مامۆستایان و فەرمانبەران تێر ناكەن و ژیانیان دابین ناكەن، بۆیە كاتێك ژیانیان دابین ناكەن ئەوانیش دێنە سەرشەقام.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی قسەكانی پارێزگاری دهۆكیش لەبارەی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند:ئەگەر لەسلێمانی و هەولێر كۆبوونەوە بەوانە كرابێت كە بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كرد، ئەی ئەركی بازگەكانی نێوان دهۆك بۆ هەولێرو سلێمانی چی بووە، ئەو قسانە ئەوە دەردەخات كە كەموكورتی لەبازگەكاندا هەیەو كێن ئەوانە زاڵگەكانی دهۆك بەڕێوەدەبەن، نەك تۆمەت بەخشینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×