راوێژكاری دارایی كازمی: بۆ دابینكردنی موچەی مانگی شەش كێشەی گەورەمان دەبێت
  2020-05-22       713       

موزەفەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: حكومەت بۆ دابینكردنی موچەی مانگی پێنج قەرزی لە سێ بانك وەرگرتوەو ئاماژەی بەوەداوە كە بۆ دابینكردنی موچەی مانگی شەش كێشەی گەورەیان هەیە.

ئاوێنە: موزەفەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە: داهاتی ئەم مانگەی عێراق كەمتر لە دو ترلیۆن دینار بوە لەكاتێكدایە پێویستی بە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینارە تەنها بۆ دابینكردنی موچە جگە لە خەرجییەكانی دیكەی دەوڵەت.

ئەوەشی خستۆتەڕو: داهاتە نانەوتییەكان زۆر كەمن و مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار دەبن.

وتوشیەتی: حكومەت موچەی ئەم مانگەی لە رێگەی قەرزكردن لە سێ بانكە حكومییەكەوە دابینكردوە.

جەختیشی كردەوە كە كێشەیەكی گەورە هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی دابینكردنی موچەی مانگی شەش بەتایبەت كاتێك كە داهاتی نەوت بۆ مانگی ئایار زۆر كەم بوەو بەڵام لەگەڵ ئەوەش تیمی دارایی كاردەكەن بۆ دابینكردنی موچەی مانگی داهاتو.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بە بونی چاكسازیی دارایی كردوە كە پێداچونەوە بە موچە بەرزەكاندا و هاوكات پشتیوانیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە موچەكەیان زۆر كەمەو ئەگەری بەرزكردنەوەی لەخۆدەگرێت و هەروەك ئەوەش لە خۆدەگرێت كە موچەی مانگی شەش لەسەر بنەمای چاكسازییە داراییەكە خەرج بكرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لیژنەی باڵای چاكسازیی دارایی و ئابوری كاردەكات بۆ داڕشتنەوەی ئەندازەی دارایی گشتی لە عێراق بەشێوەیەكی دروست لەچوارچێوەی رێوشوێن و بنەمای نوێدا.

سەبارەت بە یاسای بودجەش راوێژكارەكەی كازمی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەگەر هەیە یاساكە لە مانگی تەمموز دەربكرێت بۆ تەواوی ئەمساڵ و هەروەها ئامادەكاریش بۆ بودجەی ساڵی داهاتو بكرێت. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×