لەتیف شێخ مستەفا بۆ مه‌سرور بارزانی: نێچیرڤان بارزانی و ئەندامانی کابینەکەی بدە بە دادگا
  2020-05-23       3606       

لەتیف شێخ مستەفا رایدەگەینێت، ساڵی 2018 حکومەتی عێراق نیوەی بودجەی ناردو ساڵی 2019 ش لەگەڵ رادەستنەکردنی 250 ھەزار بەرمیلەکە لەلایەن ھەرێمەوە بۆ بەغدا بودجەی تەواوی ناردوە، ھەر لەوماوەیەش نەوتی کەرکوک، عەینزالەش لەلایەن ھەرێمەوە دەفرۆشرا جگە لە داھاتی ناوخۆ باشە کەواتە ئەو حوکمەتە "کەس نازانێت نەوتی ھەرێم، کەرکوک، عەینزالەو داھاتی ناوخۆشی چی لێکردوە".

لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی وتارەکەی شەوی رابردو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناونیشانی "دەی کەوایە نێچیرڤان بارزانی و ئەندامانی کابینەکەی بدە بە دادگا" نوسیویەتی، "سەرۆکی حکومەت لەوتەکەیدا وتی حوکمەتی پێشو 27 ملیار دۆلار قەرزی بۆ جێھێشتوین، ئەوەی ئاشکرایە کە تەنھا چوار ساڵ بودجەی ھەرێم بەتەواوەتی لەلایەن بەغداوە بڕاوە، چونکە ساڵی 2018 نیوەی بودجەی ناردو ساڵی 2019ش لەگەڵ تەسلیم نەکردنی 250 ھەزار بەرمیلەکە لەلایەن ھەرێمەوە بۆ بەغدا بودجەی تەواوی ناردوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەگەر بودجەی ھەرێم نزیکەی 9 ملیار بێت لە ساڵێکدا بۆ موچە، حکومەتی ھەرێم بە پاشەکەوت دایبەزاند بۆ نزیکەی 5 ملیار، زەڕبی چوار واتە چوار ساڵ کە بەتەواوەتی بودجە بڕدرا دەکاتە 20 ملیار دۆلار زائید 2.5 ملیاری ساڵی 2019 ئەوە 22.5 ملیار، لەو چوار ساڵەشدا موچەی فەرمانبەران بە تێکڕا بۆ کەمرایەوە، ھەر لەو ماوەیەش نەوتی کەرکوک و عەینزالەش لەلایەن ھەرێمەوە دەفرۆشرا جگە لە داھاتی ناوخۆ باشە کەواتە ئەو حوکمەتە کەس نازانێت نەوتی ھەرێم و کەرکوک و عەینزالەو داھاتی ناوخۆشی چی لێکردوە".

لەتیف شێخ مستەفا  باسی لەوەشکردوە، "لەوەی کە دەشڵێن بە حیسابی خۆیان قەرزی کردوە زیاتر لە 4 ملیار دۆلار ھەربێت سەروشوێنە تۆ لە کارنامەکەت لەبەردەم پەرلەمان وتت ئەرکی سەرەکی و لە پێشینەی ئەم کابینەیە بەگژداچونەوەی گەندەڵیە، لەوە گەندەڵی گەورەتر ھەیە کە پێنج کەس، سەرۆکی وەزیران، جێگرەکەی، وەزیری سەرچاوە سروشتیەکان، دارایی و پلان وڵاتێکیان موفلیس کردوە؟ ھەرێمیان بەرەو ئاقاری لێکترازان بردوە؟".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×