وەزیری دارایی هەرێم وەڵامی نوسراوەكەی وەزیری دارایی عێراق دەداتەوە
  2020-05-23       776       

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی نوسراوەكەی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی دارایی نێوان هەولێرو بەغدا دەداتەوەو دەڵێت: رازین بە ناوەڕۆكی نوسراوەكە.

ئاوێنە: رۆژی 19ـی ئەم مانگە، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ‌هەرێمی کوردستان کرد کە چەند خاڵێکی لەخۆگرتوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 400 ملیار دینار بۆ مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، بەو مەرجەی لە رێكەوتی خەرجكردنی ئەو پارەیەوە نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان  بچنە نێو گفتوگۆی چڕ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی كۆتایی لەنێوان هەردولا کە لە 30 رۆژ زیاتر نەخایەنێت.

لە نوسراوەكەی وەزیری دارایی عێراقدا هێما بۆ ئەوەش كراوە كە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا هەڵدەستێت بە هەژماركردن و وردبینیكردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو نوسراوەدا کە لە 19-5-2020 دەرچوە، رەزامەندی هەرێمی کوردستانی نیشانداوە لەسەر ناوەڕۆکی نوسراوەكەی وەزیری دارایی عێراق.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×