وێنە نوێكانی شوێنی تەقینەوەكەی رۆژهەڵاتی تاران وردەكاری زیاتر ئاشكرادەكەن
  2020-06-30       2110       

ئا: ئاوێنە

 

ماڵپەڕی بی بی سی چەند وێنەیەكی نوێی شوێنی تەقینەوەكە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاوكردۆتەوە كە وێنەكان رەهەندەكانی ئەو روداوە بە وردەكارییەكی زیاترەوە نیشاندەدەن.

ئاوێنە، بی بی سی: بەپێی ماڵپەڕەكە، وێنەكان لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە گیراون و لەلایەن كۆمپانیای ماكسار (MAXAR)ەوە خراونەتە بەردەستیان شوێنی تەقینەوەكە لە پێش و پاش روداوەكە دەخەنەڕو.

دوای روداوی تەقینەوەكەی بەرەبەیانی هەینی رابردو لە رۆژهەڵاتی پایتەختی تاران، حكومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندبو: روداوەكە تەقینەوە بوە لە كۆگاكانی غازی دامەزراوەی "پارچین" و چەند وێنەیەكی سوتاوی كۆگای غازیشی لەڕێگەی میدیا رەسمییەكانی ئێرانەوە بڵاوكردەوە.

بەڵام بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان هیچ نیشانەیەكی تەقینەوە یاخود سوتان لەو ناوچەیەی كە دامەزراوەی پارچین-ی لێیە، نابینرێت. لەبەرامبەردا، لە دوری نزیكەی 24 كیلۆمەتر لە باكوری دامەزراوەی پارچین-ەوە، لە پاركی نیشتمانی "خوجیر"، چەند نیشانەیەكی تەقینەوەیەكی گەورە لە بینایەكدا دەبینرێن. بەراوردی نێوان وێنەكانی بەر لە رۆژی هەینی و دوای رودانی تەقینەوەكە پشتڕاستی دەكەنەوە كە شوێنی راستەقینەی تەقینەوەكە ئەم ناوچەیە بوە.

پێشتریش چەند سەرچاوەیەك باسیان لەوە كردبو كە ئەو روناكییە زۆرەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە رۆژهەڵاتی تاران بینراوە، سەرچاوەكەی تەقینەوەی كۆگا موشەكییەكانی نزیك پاركی نیشتمانی خوجیر بوە لە شاخەكانی رۆژەڵاتی تاران.

وێنەی شوێنەكە بەر لەتەقینەوەكە:

 

وێنەی شوێنەكە دوای تەقینەوەكە:

وێنەی مانگە دەستكردەكان نیشانی دەدەن كە بەرامبەر بە شوێنی تەقینەوەكە روبەرێكی سەوزایی ناوچەكە بە نزیكەی 173 هەزار مەتر چوارگۆشە سوتاوە.



ئەم وێنانەی خوارەوە، شوێنەكە بەر لە تەقینەوەكەی رۆژی هەینی و هەروەها ئەمڕۆ دوشەممە نیشان دەدەن. ئەم وێنانە دەریدەخەن كە تەقینەوەكە لە شوێنێك رویداوە كە چوار بینای لێیە. لەدەوروبەری بیناكان شتگەلێكی وەك بەرمیلی گواستنەوە یاخود هەڵگرتنی ماددەی شل بن.

وێنەی دوای تەقینەوەكە:

وێنەی پێش تەقینەوەكە:

بەگوێرەی مەزەندەی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا، لە نزیك پاركی نیشتمانی خوجیر، چەند ناوەندێكی پەرەپێدانی بەرنامە موشەكییەكەی ئێران هەیەو شیكەرەوە سەربازییەكان بە ناوەندی سەرەكی پیشەسازیی سەربازیی ئێرانی دەزانن.

هەندێك لە ئاژانسەكان لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە كە چاودێری بەرنامە موشەكییەكەی ئێران دەكەن، ئاماژەیان بەوەداوە كە تەقینەوەكە لە یەكێك لەو دامەزراوە موشەكیانەدا رویداوە.

سەرچاوە هەواڵگرییە سەربازییەكانی ئەمریكا پێیانوایە ئێران خاوەنی گەورەترین دامەزراوەی سەربازیی ژێرزەمینییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاتس و رەنگە هەندێك لە توانا پیشەسازییەكانی ئێران و كۆگای موشەكەكان بكەونە ئەو شوێنەی تەقینەوەكە لێی رویداوە.

ئەم وێنەیەی خوارەوە، ئەو روبەری سەوزاییە بەرامبەر بە شوێنی تەقینەوەكە نیشاندەدات كە سوتاوە. بەوتەی شارەزایانی كۆمپانیای ماكسار، وێنەكە بەشێك لەو روبەرە سەوزاییەی كە دوای تەقینەوەكە وەك خۆی ماوەتەوە بە رەنگی سور و ئەو بەشەشی كە سوتاوە بە رەنگی رەش، نیشان دەدات.

هەندێك لەمیدیاكانی ئێران ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە تەقینەوەكە لە تونێلە ژێر زەمینییەكانی دروستكردن و هەڵگرتنی موشەكەكانی ئێراندا بوە بە "بانگەشەیەكی جێی پێكەنین" ناودەبەن و دەڵێن: میدیاكانی دوژمن دەیانەوێت توانا موشەكییەكانی ئێران لاواز بكەن و مەبەستیانە پیشەسازیی سەربازیی ئێران بە لەرزۆك بخەنەڕو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×