کۆرۆنا ڤایرۆس تەختی شانۆی دیبەیتی کاندیدەکانی جێگری سەرۆکی ئەمریکای تەنیبوو
  2020-10-09       1164       

قارەمان مەمەند، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تایبەت بە ئاوێنە


دیبەیتێکی شارستانیانەتر لەوەی پێشوو، چڕبوونەوە لەسەر پرسە گرینگەکان، ڕوونکردنەوەی زیاتر، لەلایەن مایک پێنسی کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس-یکاندیدی دیموکراتەکان بۆ جێگری سەرۆک.


کامالای لیبڕالترین ژنەکۆنگرێس لە مێژووی ئەمریکا و کچی کۆچبەرێک، ڕەشپێست و لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکاوە،  لەگەڵ پێنس، پیاوێکی سپی پێستی، کۆنسەرڤاتیڤ و ئینجیلی، نوێنەرایەتی دوو ئەمریکای جیاوازدەکەن.  جیاوازییەکان بەجۆرێکە، کارینی خێزانی پێنس لەکاتی چوونە سەر شانۆ بۆلای مێردەکەی لەکاتی تەواوبوونی دیبەیتەکە، ماسکەکەی لابرد بە پێچەوانەی ڕێنماییە لەسەر ڕێککەوتووەکانی ڕێکخەرەکانی دیبەیتەکە. لەکاتێکدا پارێزەر دۆگلاسی، هاوسەری کامالا هاریس ماسکەکەی هەر بەدەمیەوەبوو لەسەر شانۆکە.
ترەمپ، نەیهێشت یەک شەویش پێنس، بەتەنها و بێ کێشمە بێ چەند کاژێرێک بەر لەدیبەیتەکە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و گوتی توشبوون بە کۆڕۆنا نیعمەتی خودایە.
مایک پێنس، بێژەری بواری میدیا بووە بەر لەوەی بێتە جیهانی سیاسەتەوە، بۆیە دەتوانێ بەو پەری متمانەوە لەبەردەم کامێرادا هەرچی خۆی پێی باشە بیڵێ. وەک بەڵگەو ڕاستی بیبەخشێتەوە، کامالا-ش وەک داواکارێکی گشتی و بەرپرسی پشووی یەكێک لە گەورەترین دامەزراوە داواکاری گشتی لە ئەمریکا، توانایەکی گەورەی هەیە لە پێشکەشکردنی بەڵگەو ئارگیۆمێنتەکانی.
 ئەمشەو هەردوو کاندیدەکە بەشێکی زۆری ئەو توانایەیان نیشاندا، هەرچەندە بەهۆی پابەندبوون بە چوارچێوەی سیاسەتی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و بەرنامەی هەڵبژاردنیانەوە، زۆر جار ڕۆڵیان کورت دەبۆوە بۆ خوێنەرێکی وتاری سیاسەتی هەڵبژاردنی ترەمپ و بایدن.
تۆمەتبارکردنی پێنس، وەک بەرپرسی شکستی سیاسەتی ترەمپ لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، لەوەڵامدا پێنس گوتی ئەوان ژیانی ملیۆنان ئەمریکیان ڕزگارکردووە، ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک بوایە ەو ئەوا ژمارەی قوربانی ئەمریکییەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوو.
پێنس، ئەو ئەرکەی تەواوکرد کە بەرگری بکات لە ترەمپ، لە پرسی دادگای باڵاو ئابووری بە‌هێزبوو لە پێشکەشکردن و ڕوونکردنەوەی ئەو پرسانەدا، دیموکراتەکانی بە بانگەشەکەرو هاریکاری سیاسەتی وڵاتی چین، ناوبردوو، کە دواجار ئابووری ئەمریکا زیانی لێکەوتووە.
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، کامالا، پێیوایە ترەمپ، دۆستەکانی ئەمریکای زویرکردووە و دیکتاتۆرەکانی لە ئامێزگرتووە. بەڵام پێنس، پێیوابوو، سەرۆک ترەمپ، خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەیەوە و داعشی لەناو بردووە، ئەبوبەکر بەغدادی و قاسم سلێمانی کوشتووە. لە کاتێکدا جۆو بایدن دوودڵبووە لەوەی ئوسامە بن لادن بکوژن.
سەبارەت بەسیاسەتی وزە، کامالا، زۆر جەختی لەسەر ئەو تۆمەتانە نەکردووە کە ئاراستەیان دەکرێ لەلایەن کۆمارییەکانەوە، بەڵکو گوتی با دەنگدەران بڕیار لەسەر پرسەکانی سەبارەت بە وزە بدەن.
کامالا، دۆسیەی باج-ی سەرۆک ترەمپ، جارێکی تر هێنایەوەکایەوە، بەجۆرێک تەنها حەفسەدوپەنجا دۆلاری وەک باج داوە، لەکاتێکدا چوارسەد ملیۆن زیاتر قەرزارە. پێنس، پێیوایە ترەمپ ملیۆنیان دۆلاری داوە وەک باج.
گرینگرتین خاڵ، پێنس گەرەنتی ئەوەی نەدا، هەر وەک ترەمپ-یش جەختی لەسەر کردۆتەوە، ئامادەنین بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕبکەن.
لەڕاستیدا، هیچ تەوەرێک لەو دیبەیتەدا، هێندەی مێشەکەی لەسەری پێنس نێشتەوە، دەنگی نەداوە و باس و خواستی نەبوو. کەواتە ئەو دیبەیتەش، بۆ دەنگدەرانی ئەمریکا لەسەر پرسە گرینگەکان زۆر چارەنوسسازو پڕبایەخ نەبوو!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×