ئێن ئاڕ تی، لەسوتانەوە تا داخستن
  2020-12-07       1298       

ئا: ئاوێنە


کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی کە لە١٧ی سوباتی ٢٠١١دا پەخشی هەواڵ‌و بەرنامەکانی دەستپێکرد، تا ئێستا جاریک سوتاوەو چەندین جاریش روبەڕوی توندوتیژیی‌و داخستن بوەتەوە.


ئێن ئاڕ تی، هەر چەند کاتژمێرێکی کەم لەدەستپێکردنی پەخشی کەناڵە لەلایەن ھێزێکی چەکداری دەمامکدارەوە ئۆفیسی سەرەکی لەسلێمانی سوتێنرا، بەڵام زۆری نەخایاند پەخسی کەناڵەکە سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە.


ئەمجارەیان دەستپێکردنەوەی مەترسی بۆ سەر ژیانی خاوەنەکەی دروستکردو لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٣دا تەقە لەشاسوار عەبدولقادر کرا، مەترسییەکە بەوەشەوە  نەوەستاو هەوڵدرا لەڕێگەی یاساییەوە دەنگی کەناڵەکە کپ بکەن‌و چەند جارێکیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان‌و دادگاو داواکارە گشتییەکانی ھەرێمەوە دەستبەسەرکراوەو خراوەتە زیندانەوەو براونەتە بەردەم دادوەر.


لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا بەپاساوی ھاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان‌و توندوتیژیی حکومەتی ھەرێم بڕیاری داخستنی پەخشی کەناڵەکەی دا بۆ ماوەی ھەفتەیەک.


ئەم مەترسی‌و هەڕەسانە لەسەر کەناڵی سلێمانی تەنها لەچوارچێوەی شاری سلێمانیدا نەبوە کە ئۆفیسی سەرەکی کەنالەکەی لێیە، بەڵکو چەندین جار ئۆفیسی هەولێرو دھۆکی ئێن ئاڕ تی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە داخراون‌و رۆژنامەنوسەکانی رێگریان لێکراوە روماڵی روداوەکان بکەن‌و روبەڕوی توندوتیژیی‌و دەستگیر کردن بونەتەوە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆش دووشەممە کاتژمێر٢:٢٠ دوای ئەوەی هێزێکی ئەمنی ھەڵیکوتایە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵی ئێن ئارتی لەشاری سلێمانی پەخشی کەناڵەکە راگیرا.


بەڕێوەبەرایەتیی کەناڵەکە رایگەیاندوە "هەڵکوتانە سەر کەناڵێکی میدیایی و داخستنی لە. نیوەشەداو بەبێ بوونی هیچ فەرمانێک، وێڕای ئەوەی ئەوپەڕی پێشێلکردنی مافەکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەنووسیە، هاوکات بێبەشکردنی هاوڵاتیان و وەرگرانیشە لە ڕاستیی و دروستی ئەوەی کە. لەناو وڵاتدا ڕوودەدات". 


 ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی خەڵکی چەند شارو شارۆچکەیەکی کوردستانی گرتوەتەوەو زۆربەی ئەو هەڕەشەو توندوتیژیی‌و داخستن‌و گێچەلانەی بەرامبەر بەکەناڵی ئێن ئاڕ تی کراوە، هاوکات بوە لەگەڵ ئەم جۆرە روداوانەدا کە کەناڵەکانی دیکە بەحوکمی ئەوەی سەر بەحزبەکانی دەسەلات‌و حکومەتن روماڵێکی ئەوتۆی ناکەن، ئەمە جگە لەوەی کە خاوەنی کەناڵەکەش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشکاوانە خۆی‌و جوڵانەوەکە داوا لەخەڵکی دەکات بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن. 


 رێبوار محەمەد، بەرپرسی ژووری هەواڵی ئێن ئاڕتی دەڵێت "راگرتنی په‌خشی ئێن ئاڕتی بڕیارێكی تەواو سیاسییە، بڕیارەكە خەڵكی بێبەش كردووە لە راستی و دروستی رووداوەكان كەناڵی ئێن ئاڕتی تاكە كەناڵ بوو كە وەك خۆی وێنەكانی دەگواستەوە ئەم بڕیارەش دوورە لەهەموو یاساكان كە هیچ دەقێكی یاسایی نیە لە كوردستاندا ئاماژە بەداخستنی كەناڵ بدات".


لەسایەی ئەم هەلومەرجەدا، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ گەڕانەوە بۆ دادگا بڕیاری داخستنی ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەی ھەفتەیەک دەرکردوەو لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە هێزێکی ئەمنی چونەتە سەر ئۆفیسی سەرەکی‌و پەخشی کەناڵەکەیان راگرتوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×