ئایا قاسمی سلێمانی "چێ گیڤارا"ی ئێرانە؟
  2021-01-01       1846       

ئا: ئاوێنە



ساڵێك لەمەوبەر كوشتنی قاسمی سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمەریكاوە، ناوچەكەو دنیای هەژاند، ئەو كە بە"بەهێزترین پیاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناودەبرا، نەك هەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە، بەڵكو زۆرجار لەلایەن نەیارە سەرسەختەكانی رژێمی ئێران‌و گەورە رۆشنبیرەكانیشییەوە ستایش دەكرا.

زۆربەی ئێرانیەكان سەریان لەوە سوڕدەمێنێ‌ كە چۆن "ئەردەشیر زاهیدی" وەزیری دەرەوەی سەردەمی پاشایەتی ئێران‌و زاوای محەمەد رەزا شا ستایشی قاسمی سلێمانی دەكات‌و بەپیاوێكی "مەردو جوامێری مێژویی" ناودەبات؟ یاخود چۆن رۆماننوسێكی گەورەو ناوداری وەك "مەحمودی دەوڵەت ئابادی" خۆشەویستی بێ‌ ئەندازەی خۆی بەرامبەر بە"قاسمی سلێمانی" دەردەبڕێت‌و پێیوایە نمونەی "ئازایەتی‌و نیشتمانپەروەرییە"؟! لەکاتێکدا خولیای پەسەندکراوی قاسمی سلێمانی سەرکوت کردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی‌و جەنگ‌و کوشتار بوە دژ بەدوژمنانی ئێران‌و شیعە. 

قاسمی سلێمانی كە كوڕی خێزانێكی هەژارو دەستكورت بوەو لەسەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیدا بوە بەپاسدار، لەسەردەمی جەنگی ئێران‌و عێراقەوە ئاشنا بەجەنگ بوە‌و پلە بەپلە بەرزبوتەوە تا بوە بە بەهێزترین پیاوی رۆهەڵاتی ناوەڕاست‌و وەك ئێرانیەكان دەڵێن 40 ساڵ پۆستاڵی لەپێدا بوەو سەرقاڵی جەنگ بوەو بێ‌ پسانەوە لەجەنگێكەوە بۆ جەنگێكی تر چوە‌ لەپێناوی ئێرانداو لەكاتێكدا كە زۆربەی پاسدارانی سەردەمی جەنگی ئێران‌و عێراق، ئێستا خەریكی بزنس‌و بازرگانین‌و بون بەخاوەنی كۆمپانیاو سەرمایەداری گەورەن، قاسمی سلێمانی 40 ساڵ هەمو بەیانییەك كە لەخەو رابوە بۆ بەررەنگاربونەوەی دوژمنانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو بەرەكانی جەنگ چوە‌و لەلای هەمو باڵە ناكۆكەكانی كۆماری ئیسلامیش جێی ڕێزو ستایش بوە.

قاسمی سلێمانی لەماوەی 21 ساڵدا كە فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بو، توانی ئەم هێزە لەگوردانێكەوە بكات بەتیپێك‌و پاشان بەلەشكرێكی گەورە كە زیاتر لە 22 هەزار پاسداری لەخۆدەگرت‌، تەنانەت زۆربەی پۆستە دیبلۆماسییەكانی ئێران بۆ نمونە باڵوێزەکانی ئێران لەعێراق‌و ئەفغانستان‌و لوبنان‌و سوریا سەر بەهێزی قودس بون‌و زۆربەی پۆستە گرنگەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو كەسانە بون كە سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسدارانن.

محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران هەرچەندە رایگەیاند بو كە بەهەماهەنگی لەگەڵ قاسمی سلێمانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دادەڕێژن، بەڵام لەكاتی سەردانی بەشار ئەسەد بۆ تاران‌و كۆبونەوەی لەگەڵ خامەنەئی رابەر بەئاگاداری‌و ئامادەبونی قاسمی سلێمانی بو، بەبێ‌ ئەوەی بە"زەریف" بوترێت!

قاسمی سلێمانی، كە لەساڵی 2001ەوە ئەمەریكا لەڕێگەی هێرشكردنە سەر تاڵەبان لەئەفغانستان‌و دواتریش روخانی رژێمی سەدام لەعێراق رێگەكەی بۆ تەخت كرد تا لەناوچەکەدا دەسەڵاتدارتر‌و رۆڵێكی گەورەتر ببینێت، لەو هەلومەرجەدا كە سەدان هەزار سەربازی ئەمەریكی لەئەفعانستان‌و عێراق‌و وڵاتانی كەنداودا جێگیر كرابون، ئەو بوە ئەندازیاری سیاسەتی ئەمنی‌و سەربازیی‌و ئاسایشی ناوچەیی ئێران‌و دۆكترینی بەرگریی ئێرانی داڕشت بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان.

ئەم فەرماندە مەیدانییە باش دەیزانی لەڕوی هێزی سەربازیەوە ئێران توانای روبەروبونەوەی ئەمەریكای نییە، بۆ قەرەبونكردنەوەی ئەو لاوازییە سلێمانی پشتی بەگروپ‌و هێزە شیعییە ناحكومییەكانی دەرەوەی سنوری ئێران بەست‌و عێراق‌و سوریا‌و لوبنان‌و یەمەن‌و غەزەو بەحرێنی كرد بەقوڵایی ستراتیجی بەرگریی‌و فراوان كردنەوەی سنوری ئاسایشی ئێران.

لەدیدی قاسمی سلێمانیەوە هێزەكانی ئەمەریكاو رۆژئاوا توانای جەنگی درێژخایەنیان نییە‌و هەر جەنگێك لەدژی ئێران هەڵگیرسێنن پێویستە ئێران هەوڵبدات جەنگێکی درێژخایەن بێت، هاوكات پێیوابو ئیدارەكردنی جەنگ لەروبەرێكی فراواندا كە لەدەریای ناوەڕاستەوە دەستپێدەكات تا دەریای عوممان‌و ئەفغانستان ئاسان نییە بۆ ئەمەریكا، لەبەرئەوە دەبێت ئێران ئەم قەڵەمڕەوەی دەسەڵاتی خۆی فراوان بكاتەوە بۆ ئەوەی توانای ئیدارەكردنی بۆ ئەمەریكا قورس بێت. هەروەها كاركردن لەسەر گۆڕینی رێسای جەنگ لەجەنگێكی كلاسیكییەوە بۆ پەیڕەو كردنی دروستكردنی چەند میلیشیایەكی بەهێزی شیعە لەدەرەوەی سنورەكانی ئێران‌، كە ئەمەریكا ناتوانێ‌ براوەی ئەو جۆرە شەڕە سەربازییە ناكلاسیكیانە بێت وەک ئەزمون سەلماندویەتی.

 

 قاسمی سلێمانی لەهەمو ئەم پلانانەدا سەركەوتو بو، مەترسی دەرەکی لەسنورەکانی ئێران دورخستەوەو نەبو بە بەشێک لەململانێی باڵە سیاسیەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆیە لەدیدی زۆربەی ئێرانیەكانەوە وەك سەرمایەیەكی گەورەی مەعنەوی‌و سیاسی‌و سەربازی سەیر دەكراو بەپێی رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی بەلای زۆرێك لەهەوادارانی کۆماری ئیسلامی‌و شیعەکانەوە، قاسمی سلێمانی "چێ‌ گیڤارا"ی ئێران بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×