ئەردۆغان: شەوێك لەناكاو دەدەین بەسەر شنگالدا
  2021-01-23       1215       

ئا: ئاوێنە


سەردانەكەی خلوسی ئاكار بۆ بەغداو هەولێر‌وگوشارو پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شنگال‌و بەرەنگاربونەوەی هێزەكانی پەكەكەە، ئێزیدییەكانی نیگەران كردوە لەوەی جارێكیتر باجی شەڕی ئەوانی تر بدەن‌و ناوچەكەیان ببێتەوە بەگۆڕەپانی شەڕ‌و پێكدادان.


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لەنوێترین لێدوانیدا جارێكی دیكە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر قەزای شنگال دەكات بۆ "دەركردنی پەكەكە". ئەردۆغان پاش ئەنجامدانی نوێژی هەینی، رایگەیاند "شەوێك لەناكاو دەدەین بەسەریاندا". ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر شنگال.


توركیا لەماوەی ساڵانی رابردودا لەزاری گەورە بەرپرسانی وڵاتەكەوە لەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە دەبێت پەكەكە لە شنگال دەربكرێت ئەگەر نا خۆیان بەو كارە هەڵدەستن.


رۆژی دوشەممەی رابردو وەزیری بەرگری توركیا سەردانی بەغداو هەولێری كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكان بونی هێزەكانی پەكەكە لەنێو خاكی عێراق تەوەری سەرەكی دیدارەكانی بوە.


لەبارەی سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیاوە، خەبەر تورك، نوسیبوی كە دۆخی شنگال، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی بوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمدا.
خەبەر تورك، ئاماژەی بەوەدابو كە ئەنقەرە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق كردوە كە پێكەوە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە دژی پەكەكە لە چیای شنگال بە پشتیوانی حكومەتی هەرێم ئەنجام بدەن.


هاوكات كیفاح مەحمود، راوێژكاری نوسینگەی راگەیاندنی مەسعود بارزانی، بەئاژانسی سپوتنیكی روسی راگەیاندوە كە "ئەو زانیارییانەی لەئیدارەی توركیاوە دزەیان پێكراوە باس لەوە دەكەن ئەنقەرە بەنیازە بنكەیەكی سەربازی لە قەزای شنگال دروست بكات".


هەروەها كیفاح مەحمود، ئاماژەی بەوەداوە لەمیانی سەردانەكەیدا ئەم دواییەی وەزیری بەرگری توركیادا بۆ هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر گرنگی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكان لەپەیوەست بەبونی پارتی كرێكارانی كوردستان لەعێراق كراوەتەوە.


هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق و هەرێم كاردەكەن لەسەر دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان بەتایبەت لە دوای رێككەوتنی شنگال و هەوڵی ئەوە دەدەن پەكەكە رازی بكەن لە خاكی عێراقەوە هیچ هێرشێك نەكاتە سەر توركیا یا ئەو ناوچانە چۆڵ بكات كە گەریلای لێیە.


ئەمە لەكاتێكدایە كە لەتشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكیان لەبارەی شنگالەوە ئیمزاكرد، كە بەپێی رێككەوتنەكە ئەمنییەتی قەزای شنگال لەدەست سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی عێراقدا دەبێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی نەنراوە، ئەمەش جێی ناڕەزایی توركیا‌و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حكومەتی عێراقە. ئەمە لەكاتێكدایە کە خودی رێككەوتنەكە جێی ناڕەزایەتی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ی نزیك لەپەكەكەیە.


ئێزیدییەكان كە لەساڵی 2014ەوە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە بۆ سەر شنگال روبەڕوی كارەسات بونەتەوە، ئێستا لەجموجۆڵە نوێكانی توركیا‌و گوشارەكانی لەسەر هەولێر‌و بەغدا بەمەبەستی بەرەنگاربونەوەی پەكەكەو لەناكۆكییەكانی نێوان پێشمەرگەی پارتی‌و گەریلاكانی پەكەكەش نیگەرانن، ئێزیدییەكان دەترسن لەبری ئەوەی رێككەوتننامەی شنگال، ئاشتی‌و ئارامی‌و ئاسایش بۆ شار‌و دەڤەرەكەیان بهێنێت، جاریكیتر شنگال بكاتەوە بەگۆڕەپانی شەڕو زۆرانبازی‌، لەم نێوەشدا ئێزیدییەكان باجەكەی بدەن‌و دیسان روبەڕوی چارەنوسێكی مەترسیدار ببنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×