دوای لێدوانە گرژەكانی باڵیۆزەكانیان لەعێراق، توركیاو ئێران باڵیۆزانی یەكدی لەوڵاتەكانیان بانگهێشت دەكەن
  2021-02-28       1378       

ئا: ئاوێنە:

لەكاردانەوەی قسەكانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەبارەی بونی سەربازیی توركیاوە لە عیراق، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەكەی كردو دوابەدوای ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی توركیای لە وڵاتەكەی بانگهێشت كرد.

شەوی رابردو، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر شنگال رایگەیاند كە پرسی شنگال هیچ پەیوەندییەكی بە توركیاوە نییەو پرسێكی ناوخۆیی عێراقە. مەسجدی دەربارەی بونی سەربازیی توركیاش لە عێراق وتی، ئیمە ئەوەمان پێ دروست نییە کە تورکیا یان هەر وڵاتیکی دیکە لە عیراقدا دەستتێوەردانی سەربازی بکات یان پێشڕەوی سەربازی بکات، یان هەر بونی سەربازی هەبێت...پێمان وایە تورکەکان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ هێڵ و سنورە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان.

ئەو قسانەی مەسجدی كاردانەوەی توركیای بەدوای خۆیدا هێنا، هەر شەوی رابردو، دەستبەجێ باڵیۆزی توركیا لەعێراق لە تویتێكدا نوسی"پێموایە دوایین كەس كە دەبێت لەبارەی رێزگرتن لە سنورەكانی عێراقەوە ئامۆژگاری بدات، باڵیۆزی ئێرانە لە بەغدا."

ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا راگەیاند، باڵیۆزی ئێرانیان لە ئەنكەرە بانگهێشت كردوەو ناڕەزایەتی توركیایان سەبارەت بە لێدوانەكانی ئیرەج مەسجدی پێ راگەیاندوە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەوەشی وتوە، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لە ئێران هەیە لە شەڕی دژی پەكەكەدا لەپاڵ توركیادا بێت نەك دژی بوەستێتەوە.

پاش ئەوەش میدیای رەسمی ئێران بڵاویكردەوە كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لە تاران كردوەو  لە پەیوەست بە لێدوانێكی وەزیری ناوخۆی توركیاوە سەبارەت بە بونی چەند گەریلایەكی پەكەكە لە ئێران و هەروەها لێدوانەكانی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، ناڕەزایەتی خۆیانیان پێگەیاندوە.

بەپێی میدیای رەسمی توركیا، ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەی كە ئێران وتویەتی، لەسەر ئەوە ئەمڕۆ بانگهێشتی باڵیۆزی توركیایان لەتاران كردوە، ساڵی رابردو بوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا لە 6ی حوزەیرانی ساڵی رابردو لە لێدوانێكدا وتبوی، هێشتا نزیكەی 100 گەریلای پەكەكە لە ناوچەی "ماكۆ" لە ئێران بونیان هەیە.

لێدوانەكانی هەردو باڵیۆزی ئێران و توركیا لە عێراق، بەبێ كاردانەوەی عێراق تێپەڕنەبون و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دایە هەردولا كە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەرنەدەنە كاروباری وڵاتەكەوە.

درەنگانی شەوی رابردو، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا رایگەیاند، ئەركی نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەكان لە عێراق، نوێنەرایەتیكردنی وڵاتەكانیان و پتەوكردنی هاوكاریی وڵاتەكانیانە لەگەڵ عێراق، پێویستە هەندێك لە نوێنەرانی ئەو نێردە دیپلۆماتیانە بەچاكی ئاگاداری ئەركەكانیان بن، دەستوەرنەدەنە ئەو شتەی كە پەیوەندی بەوانەوە نییەو رێزیش لە سەروەری عێراق بگرن.

لەلایەكی دیكەوە رامی سەكینی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لە پەرلەمانی عێراق بە كەناڵی "ئەلحوڕە"ی ئەمریكی راگەیاند، شەڕە قسەكەی باڵیۆزانی ئێران و توركیا لە عێراق نیشانەی "بێبایەخ سەیركردنی سەروەری عێراقە"و داواشی لەوەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كردوە كە هەردو باڵیۆزكە بانگهێشت بكات.

ئەو پەرلەمانتارەی پێی وایە ئەگەر حكومەتی عێراق ئەوە نەكات ئەوا هەڵوێستێكی "ترسنۆكانە"ی بەرامبەر بە توركیاو ئێران دەبێت و وتوشیەتی، پێویستە داوا لە هەردو وەزارەتی دەرەوەی ئێران و عێراق بكرێت كە ئەو دو باڵیۆزەیان لە عێراق بگۆڕن.

گرژییەكانی توركیاو ئێران زیاتر لەبارەی قەزای شنگالەوەن، ئێران دەیەوێت ئەو ناوچەیە بكاتە خاڵی پەڕینەوەی گروپە چەكدارەكانی لایەنگری خۆی لە نێوان عێراق و سوریادا، توركیاش بە بیانوی "بونی گەریلا"ی پەكەكە، چەندینجار هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شنگالی كردوە ئەگەر بێتو عێراق خۆی گەریلاكان "دەرنەكات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×