عادل عەبدولمەهدی ناوی كاندیدانی هەردو وەزارەتی پەروەردەو داد-ی رەوانەی پەرلەمان كرد
  2019-04-27       762       

خەدیجە عەلی توركمانی، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نوسراوێكی رەسمی ناوی دو كاندیدی بۆ وەزارەتەكانی دادو پەروەردە رەوانەی پەرلەمان كردوە، ئەوەش دوای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان.

ئاوێنە: خەدیجە عەلی توركمانی بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە رەسمی راگەیاند"پەرلەمانی عێراق ناوی كاندیدانی هەردو وەزارەتی پەروەردە و داد-ی لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە پێگەیشتوە، بۆ ئەوەی بیانخاتە دەنگدانەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو دو ناوە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان دانراون.

ئاشكراشیكردوە كە كاندیدی وەزارەتی پەروەردە پێكهاتوە لە "سەفانە حەمدانی" و كاندیدی وەزارەتی داد-یش بریتییە لە دادوەر ئەركان قادر.

خەدیجە پێشبینیشی كردوە كە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو دو كاندیدە بدات.

هەروەك پێشبینیشی كردوە كە دوای دەنگدان لەسەر كاندیدانی ئەو دو وەزارەتە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ناوی كاندیدانی هەردو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ رەوانەی پەرلەمان بكات.

تا ئێستا بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقییەكانەوە نەتوانراوە پێكهاتەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی تەواو بكرێت و بەوەش هێشتا چوار وەزارەتی كابینەكە كە لە هەریەكە لەوەزارەتی داد، پەروەردە، ناوخۆ و بەرگری پێكهاتون، بە بەتاڵی ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×