ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كلدانی سریانی ئاشوری، كلارە عودیشو یەعقوب رایدەگەیەنێت ئێمە وەك پێكهاتەی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان ئەوەی بەلامانەوە گرنگە كابینەی نوێی حكومەت كابینەی خزمەتگوزار بێت بەبێ جیاوازی نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتە ئاینیو نەتەوەییەكانی كوردستان بكات.
ئاوێنە: كلارە عویشو یەعقوب، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كلدانی سریانی ئاشوری بە ئاوێنەی راگەیاند پێویستە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جدی بنێت بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكانو بەبێ جیاوازی خزمەتی هاوڵاتیان بكات، بە گرنگیشی دەزانێت یەكێك لەكارەكانی حكومەتی نوێ روبەروبونەوەی گەندەڵی بێت.
ئاماژەبەوەش دەكات بۆ ئەوان گرنگ نیە چەند وەزارەتیان هەبێت لە حكومەتی نوێ، پێشی وایە پێدانی وەزارەتێك یان دو وەزارەت بە مەسیحییەكان چارەسەری كێشەكان ناكات، ئەو چارەسەری كێشەكان لەوەدا دەبینێتەوە كە هەمو لایەنە بەشداربوەكانی حكومەت وەك یەك تیم كار بۆ سەرخستنی بەرنامەی خزمەتكردنی هاوڵاتیان بكەن.
باس لەوەش دەكات ئەوان وەك پێكهاتەیەكی نەتەوەییو ئاینی خاوەنی رەسەنایەتیو مێژوی خۆیانن لەهەرێمی كوردستانو لەپێناو بە دەستهێنانی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان خەباتیان كردوەو لەو پێناوەشدا قوربانییان بەخشیوە.