ژمارەیەك لەپارتو لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستانو عێراق كە ژمارەیان چواردە حزبە كۆمەڵەی هێزی مەدەنی دادەمەزرێنن، پێشیان وایە لەرێگەی ئەو كۆمەڵەیەوە هەوڵ بۆ چاكسازیكردن دەدەن.
ئاوێنە: لەراپۆرتێكیدا بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ئاماژەبەوە دەكات دوێنێ چواردە پارتو لایەنی سیاسی لەهەرێمی كوردستانو عێراق بەمەبەستی چاكسازیكردن كۆمەڵەی هێزی مەدەنییان دامەزراندوە، لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتی رەوتی نیشتمانی عێراق، شروق عەبایەچی رایدەگەیەنێت دامەزراندنی كۆمەڵەكە دەستپێكی چاكسازیی دەبێت لەعێراق.
هەروەها ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆنفرانسی تابەت بە دامەزراندنی كۆمەڵەكە، مەیادە نەجار بە گرنگی دەزانێت حزبە كوردستانییەكان زیاتر خۆیان لە لایەنە عێراقییەكان نزیك بكەنەوە، دەشڵێت " ئێمەش وەکو پارتە سیاسییە کوردستانییەکان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر پێویستە ئامادەییمان هەبێت، چونکە دەمانەوێت لە ئێستاو لە ئایندەیەکی نزیکدا پەیوەندیەکانمان باشتریش بکەین".
پەرلەمانتاری عێراقیش لەفراكسیۆنی یەكێتی، رێبوار تەها ئاماژەبەوە دەكات پێویستە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی عێراقیدا بکرێت تا گەلانی عێراق لە بەر سێبەری دیموکراسی پێکەوە بژین.