نەتەوە یەكگرتوەكان: بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان لەهەڵکشاندایە
  2021-05-12       1091       

ئا: ئاوێنه‌

 

نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاریكاری عێراق/ یونامی ڕایدەگەیەنێت: بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندا بوەو ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەكان بە تۆمەتی ناوزڕاندن تۆمەتباركراون.

 نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان و نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاریكاری عێراق/ یونامی بڵاویكردەوە:" لەماوەی ساڵی رابردودا بەرتەسكردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندا بوە، ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەكان نەك تەنها دوچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جوڵە و گرتنی هەڕەمەكی بونەتەوە، بگرە هەندێكیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتباركراون، هەندێكیشیان لەم دواییانەدا بەپێی یاساكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەییەوە سزادراون".

ئەوەشی خستەڕوو: شێوازەكانی سەركوتكرن كە لەم ڕاپۆرتەدا دۆكۆمێنت كراون زۆر جێگای نیگەرانین، چونكە نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشەو تۆقاندن لە ڕەخنەگران بگرە ئەم جۆرە ڕێكارانە كاریگەریەكی ترسناكیشی دەبێت بەسەر ئەوكەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حكومییەكان و لەگەڵ پێزانین بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری گەڵێك دۆخی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بێهاوتا بوەتەوە، بەڵام دەرەنجامەكانی ئەم ڕاپۆرتەش جێگای نیگەرانین، بەتایبەتیش هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنیەكان و دەستبژێركردن لە جێبەجێكردنی یاساكانداو پابەندنەبون بە رێكارە یاساییە پەیوەستەكان و پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی مافەكانی مرۆڤ.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشوەچونێكی بەرچاو بەدیكراوە بەرەو هەرێمێكی كوردستانی دیموكراسی كە ئازادی ڕادەربڕین و سەروەی یاسا تێیدا بەرز نرخێندراوە، بەڵام كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە كە دەزگا میدییایەكان و چالاكوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت كە بەبێ ترس و دڵەڕاوكی و سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتیەكان بكەن، هەروەها هاوڵاتیانیش مافی دەستكەوتنی زانیاریەكانیان هەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×